دلۆڤان رەحیم – ههولێر
نزیکەی شەش هەفتە لەمەوبەر، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوە کرد، ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامتر و سەقامگیرترە بەراورد بە سەرۆکی پێش خۆی کە دۆناڵد ترەمپە، لە نێو نموونەی دیکە بایدن باسی دۆخی عێراقی کرد، بەجۆرێک گوتی مووشەکبارانی سەربازانیان کەمتر بووەتەوە و نەماوە، بەڵام لە واقیعدا دۆخی عێراق و ناوچەکە ئەوەندەش ئارام نییە پشتگوێ بخرێت، بە هەموو پێوەرێک ئێستا عێراق ئارامتر نییە بەراورد بە کانوونی یەکەمی 2021، هەڕەشەی زیاتریش لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.
دۆخەکە بە تەواوی سەراوژێر بووە، پێش ١٠ مانگ هەڵبژاردنێک کرا بەو ئامانجەی کە ڕۆڵی ئەو حیزب و لایەنانەی گرووپی چەکداریان هەیە و هەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندییەکانی عێراق کەمتر بێتەوە و عێراق خاوەنی سەروەری و پێگە بێت لە نێو دراوسێکانیدا، بەڵام ئێستا ئەو لایەنانەی نزیکی ئێرانن باڵادەستترن لەوانی دیکە، دیموکراسی لەرزۆکی عێراق زیاتر لە هەموو کاتێک لەژێر هەڕەشەدایە، بۆیەکەمجاریش دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ شەڕ لە نێوان لایەنە شیعەکان ئەگەرێکە .
ئەوەی لە هەڵبژاردن کرا، ئەنجامەکەی نەبینرا. موقتەدا سەدر زۆرترین کورسی بەدەستهێنا لە پەرلەمان، ئەو بە دروشمی نە ڕۆژئاوایی و نە ڕۆژهەڵاتی توانی جێگەی خۆی قایمتر بکات، سەدر و هاوپەیمانەکانی نزیکەی نیوەی کورسییەکانی پەرلەمانیان لەدەستبوو، شکستیشیان بە هەندێک لایەن هێنا کە لە هەلبژاردنی پێشتردا ژمارەیەکی زۆر کورسیان هەبوو، ئەو لایەنانەی گرووپی چەکداریان هەبوو و پێشتر هەڕەشە بوون لەسەر ئەمریکا شکستیان خوارد .
سەدر هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەرمانی چارەسەری دۆخی عێراق نەبووە، ئەو خۆی وەکو دژە گەندەڵ و دژە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان دادەنێت و بە ڕوانین لەو هەڵوێستانەی هەیەتی دژی بۆردوومانی سەربازانی ئەمریکا و بنکەکانیشە .
سەدر، هەوڵیدا لەگەڵ سوننە و کورد حکوومەتێکی زۆرینە پکبێنێت و حیزبە خاوەن گرووپە چەکدارەکان لەو هاوکێشەیە دەربکات، ئەو لەگەڵ سوننە و کورد ویستی هاوپەیمانێتییەک پێکبێنێت کە بتوانێ سەروەری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە و دژی گەندەڵی بوەستێتەوە، بەتایبەت دوای قۆناغی هەڵبژاردنەکانی 2019 کە حکوومەتیان ڕووخاند، بەڵام ئەو حکوومەتە پێک نەهات، هەندێک حیزب و لایەنی نزیکی ئێران، عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ڕێگە نادەن حکوومەتی لەوجۆرە پێکبێت و دژی وەستانەوە، هەوڵیشیان دا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق تیرۆر بکەن، بە درۆن و مووشەکیش هێرشیان کرد، ژمارەیەک هێرشیشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان، هێرشیش کرایە سەر ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەدر و کورد و سوننە دەستبەرداری داواکانیان نەبوون، بەڵام کەم چوونە پێش لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت .
پاش ئەو قۆناغە سەدر و لایەنەکانی دیکەی شیعە پەنایان بۆ تووندترین کارت بەرامبەر یەکدی برد، هەندێک لایەنیش ئەوپەڕی هەوڵیان دا بۆ ڕێگەگرتن لە پێکهێنانی حکوومەت، لەلایەن سەدر و سوننە و کورد، ڕێگەنەدرا سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێت، بەتایبەت لە ڕێگری لە هەڵبژاردنی سەركۆمار و دەنگی پێویست .
ئەوەی دوو جەمسەرە شیعەکە ئێستا دەیکەن شکاندنی ئێسکی یەکدییە و هیچیان ناچنە ژێرباری داوای یەکدی، ئەوەش عێراقی بەرەو مەترسی شەڕ و تائیفیەت بردووەتەوە و چەندین قۆناغ گەڕاوەتەوە دواوە. سەدر و مالیکی لە 2008وە نەیاری سەرسەختی یەکدین، بەتایبەت کاتێک حکوومەت بە سەرۆکایەتی مالیکی هەوڵی سەرکوتکردنی گرووپەکانی سەر بە سەدری دا، دوای کاندیدکردنی محەمەد شەیاع سوودانیش وەکو کاندی دی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەدر بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کرد و بە درێژکراوەی دەسەڵاتی مالیکی دانا، ئەمڕۆ سەدر کە چیدیکە لە نێو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت نییە، لایەنگرانی بەردەوامن لە مانگرتن و هەڵدانی چادر لە بەردەم پەرلەمان، ڕێگرن لەوەی سوودانی ڕابسپێردرێت وەکو کاندیدی سەرۆکوەزیران، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەش دەکەن، ئێستاش زیاتر لە هەموو کاتێک دۆخی عێراق شڵەقاوە و پرۆسەی سیاسییش پەکی کەوتووە .
بە ڕوونی دەیڵێم واشنتۆن دەیتوانی ڕێگە لەوە بگرێ، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ سیناریۆی خراپتر، لەماوەی 9 مانگی ڕابردوودا کە قووڵترین ناکۆکی لە عێراق هەبووە ، هیچ بەرپرسێکی باڵا یان ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا سەردانی عێراقیان نەکردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش تەنیا بە تەلەفۆن دۆخی عێراقی تاوتوێ کردووە لەگەڵ سەرکردەکان بۆ ئەوەی کاریگەرییەک دروست بکات، باڵیۆزی نوێی ئەمریکاش لە عێراق بە هەمان شێوە گوشاری کردووە لەسەر لایەنەکان بەڵام هیچیان لێ شین نەبووە .
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەڵێ: “کێشەکانی عێراقمان بۆ خودی عیراق جێ هێشتووە.” ئەو نا ئامادەییەی ئەمریکا لە عێراق ئێستا بە ڕوونی دەبینرێت و کاریگەریی زۆریشی دروست کردووە، ئەمریکا ئێستا کەمتر بە دەرهاوێشتەکانی دوای هەڵبژاردن سەرقاڵە، بەڵکو پشتیوانی لە دامەزراوەکانی عێراق دەکات، بەڵام عێراق وڵاتێک نییە بە ئاسانی بتوانرێت بهێنرێتە دەرەوە لەژێر هەژموونی دراوسێکانی بەتایبەت ئێران، بۆیە نائامادەیی ئێستای ئەمریکا لەو پرۆسەیەدا وای کردووە هەندێک لایەن بیقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان
ئێستا کە وا دەردەکەوێت ئەمریکا نزیکە لە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، دەبێت دۆخی بەغدا لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی بایدن بێت، کاتی ئەوەیە پاش هەنگاوی بوێرانەی عێراقییەکان بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەمریکا و هاوبەشەكانیان خەمی ئەوەیان بێت ئەو دۆخە چاک بکەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا عێراق کە ئەمریکا دوو دەیە شەڕی لە پێناو کردووە وا دەردەکەوێت چیدیکە پێشینەی ئەمریکا نەبێت، لەجیاتی ئەوە عێراق پێشینەیە بۆ ئێران .
سەرچاوە: فۆڕین پۆڵایسی