پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاكرێ دەبێتە خاوەن زانكۆی زانستە كردارییەكان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرخستەی كردنەوەی زانكۆی ئاكرێ بۆ زانستە كردارییەكانی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرد و لە داهاتویەكی نزیكدا ڕێكارەكانی داڕشتنەوە و بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكە تەواو دەكرێت.

لە ڕاگەیێنراوێكدا كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاو كراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پرۆپۆزەڵی كردنەوەی زانكۆی (پۆلیتەكنیكی گەرمیان و زانكۆی ئاكرێ بۆ زانستە كردارییەكان)ی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرد.
جێگەی ئاماژەپێدانە كردنەوەی ئەم دوو زانكۆ حكوومییە لە چوارچێوەی ستراتیجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە بەمەبەستی فراوانكردنی دەرفەتی خوێندنی تەكنیكی و بواری زانستە كردارییەكان لە هەرێمی كوردستان، دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزارەت، پێشنیازی كردنەوەی ئەم دوو زانكۆیە ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەر كردنەوەیان.