هاودەنگ فاروق
سەرۆک بارزانی لە بەرگی پێنجەمی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەکان’ـدا، مێژووی دوازدە ساڵەی دیوی ناوەوەی وێستگە هەستیارەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی خستۆتە ڕوو، لە قۆناغی ڕاپەڕین و ڕزگاریی و گواستنەوەی خەباتی شاخ بۆ شار باس دەكات، ڕوانگە و سیاسەتی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزە یار و نەیارەكان ئاشكرا دەكات،خوێنەری کورد لەو کتێبەدا بۆی دەردەکەوێ، سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەكان و لە دانوستان و داڕشتنی سیاسەت _ ستراتیژی”دا چۆن بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی میللەتەکەی خۆی خستووەتە سەرووی هەموو شتێکەوە و چەندە پێداگرانە، بە پشتبەستن بە ڕابردووی خۆی و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەرەکانی میللەتەکەی، داکۆکیی سەرسەختانەی لە پرەنسیپە چەسپاوەكانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کردووە.
هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ڕۆژگاری یادەوەرییەکان بەبێ بەڵگە و بەڵگەنامە، ناتوانێ متمانەی نەوەی داهاتوو بەدەست بهێنێت و، وەك سەرچاوەیەكی زانستی و مێژوویی ڕاستەقینە سوودی لێ وەرناگیریت. ئەوەی كتێبەكەی سەرۆك بارزانیی وا لێ كردووە ڕشتەی خوێنەران لە دەوری جەم بن و بەتاسەوە بیخوێننەوە و هەر یەك لە لایەكەوە قسەی لەسەر بكات، ئەوەیە كە نووسەر بۆ هەر ڕووداوێكی نێو یادەوەرییەكانی، چەندین بەڵگە و نامەی پەیوەست بە باسەكە دەکاتە مەحەک بۆ نووسینەوەی ڕاستگۆیانەی مێژوو.
من پێم وایە ئەو بەڵگەنامانە، زۆر سووچی تاریكی مێژووی ڕابردووی حزبایەتی و بزووتنەوەی كوردایەتی و شەڕی نەگریسی ناوخۆ ڕۆشن دەكەنەوە. مێژوونووسان چیتر بۆ نووسینی مێژوویەكی هەستیار و ئاڵۆزی وەك ڕۆژگاری ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ، ئەزموون و دەرفەتەكانی ئایندە دانامێنن. توێژەران بۆ تەتەڵەكردن و شەنوكەوكردنی ڕووداوەكان و لێكۆڵینەوەی زانستیی و ئەكادیمی كەرستەیەكی زۆری دیكۆمێنتی دەوڵەمەندیان دەكەوێتە دەست.
ئەگەر سەرۆک بارزانی، ئەو ڕۆژگارە پڕ ڕووداوانەی یادداشت نەکردبا و ئەمڕۆ لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوی نەکردبایەوە، ئەم مێژووە هەستیار و پڕ گۆڕانکارییە گرینگە بە خەفەکراوی و داپۆشراوی و لە تەونی تەمومژدا دەمایەوە و نەوەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژ، بەلاڕێدا دەبران و لە ڕاسییەكان بێبەش دەبوون.
هەقە سەركردە سیاسییەكان بۆ نووسینی یادداشت و یادەوەرییە سیاسییەكانیان چاو لە سەرۆك بارزانی بكەن و ڕابردوو هەرچییەك بووە قبووڵی بكەن و، بە ویژدانەوە لەسەری بنووسن، تەنانەت ئەگەر بە زیانی خۆیشیان بشكێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، سەرباری نەبوونی پەیوەندییەکی ئەوتۆی دیپلۆماسی و ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا و میدیایەکی پێشکەوتووی بەردەست، سەرۆک بارزانی بەوپەڕی وردبینییەوە چاودێریی ڕووداوە سیاسییەکانی کردووە و، بە وزەییەکی لەبننەهاتوەوە، یادداشتی ڕۆژانەی لێ هەڵگرتوونە و لە کۆبوونەوەکانیدا دیراسەی وردی کردوون، لەسەر ئەو بنەمایەش،( سیاسەت ـــ ستراتیژی) پارتی دیموکراتی کوردستانی لە خزمەتی پاراستن و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم داڕشتووە.
هەروەک خوێندنەوە و بەرنامەی بۆ کایەی سیاسیی ناوچەکە و جیهان هەبووە، زۆریش بەرچاوڕوون بووە لە گۆڕانکارییە سیاسییەكانی دنیا و، پێشبینیی وردی واقیعبینانەی هەبووە، بە تایبەت لە سەرەتای هەشتاکان و کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، کە بەهۆی ڕووخانی دیواری بەرلین و گۆڕینی سیستەمی دووجەرمسەری و هەرەسهێنانی سۆڤیەت و سەرکێشییەکانی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی کوێتەوە، هەژانێک لە جیهاندا ڕووی دا و، ڕاستەوخۆ کاریشی کردە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێزیک.
سەرۆک بارزانی بەردەوام لە خەمی میللەتەکەیدا بووە و لە بەردەم ئەو هەموو ستەمەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و، بەتایبەتیش عێراق، وای لێ کردووە هەردەم بە دوای دەرفەتدا بگەڕێ، بۆیە بە کەوتنی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهان و کرانەوە و سەربەخۆیی گەل و وڵاتانی سۆڤێت و هاتنەکایەی سیستەمێکی نوێی جیهانی، خۆشحاڵە.
هاوکات سەرۆک بارزانی، بە دوای ئەو دەرفەت و کەلێنانەدا گەڕاوە کە بتوانێ لێیانەوە، هێزی کوردی لە بەرەیەکی کوردستانیدا کۆ بکاتەوە و ئامادەکاری بکات بۆ سوودوەرگرتن لە هەر پێشهات و دەرفەتێک، لە پێناوی گەڕاندنەوەی مافی زەوتکراوی ساڵەهای ساڵی گەلی کورد.
لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا، بۆت دەردەکەوێت کە زلهێزەکانی ناوچەکە چ ترسێکی گەورەیان لە هەژموونی پارتی و باڵادەستی و حوکمی کاریگەریی ئەو حزبە هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ لەناوبردنی پارتی داوە؛ هەروەک لەسەر ئاستی وڵاتانی زلهێزی جیهانیشدا چوار هێندە حساباتیان لەسەر هێز و پێگەی پارتی و سەرۆک بارزانی کراوە، واتە یار و نەیار لە پەیوەندیی پارتیدا بووە.
لەو ڕوانگەیەوە، دەبینین، مەسەلەی “هێڵی ١٢/١٠” وەک مۆتەکەیەک بووە بۆ هەر چوار ڕژێمە داگیرکەرەکە؛ بەردەوام کۆ بوونەتەوە و پیلانیان داڕشتووە، لە سەر یەک نیەت و یەک ڕیتم کاریان کردووە، بۆ دەستگرتن بە هێڵی لێکدابڕانی کوردستان، دێگەڵەیان بە خەتی سوور زانیوە و بەردەوام وەک هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە بە گوێی پارتیاندا داوە و داوایان کردووە ئەو تخووبە دوولەتکەرەی هەرێم نەبەزێندرێت؛ بۆ پارێزگاری لە مانەوەی دیواری دێگەڵە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئامادەبوونە هەموو شتێک بکەن.
سەرۆک بارزانی دەنووسێ: ( سوبحانەڵڵا ” هێڵی ١٢/ ١٠ بە لای ئەوانەوە چەندە پیرۆز بوو، دەبێ بایەخ و گرینگیی هێڵەکە لە چیدا بێت؟! دەشڵێ: “وەڵامەکە زۆر ڕوونە مەبەستیان تەنیا ئەوەیە، کە کوردستان یەکدەست و خاوەنی یەک بڕیار نەبێت) ئەو سنوورەی کە تا ئێستاش وەک بیرەوەرییەکی ناخۆش ماوەتەوە و تۆماری ڕۆژانێکی ڕەشیان لە زاکیرەی تاکی کورددا هێشتۆتەوە، کە تا ئێستا ئاسەوارە سەلبییەکەی لەسەر هەیبەت و پێکهاتەی حکوومەت و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هێشتۆتەوە”.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە مەسەلەی دووئیدارەیی و دوولەتکردن و لێکترازاندنی کوردستان بابەتێکی ستراتیژی بووە بۆ دوژمنانی کورد، کە لە ڕۆژانی شەڕی ناوخۆ بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێندراوە، لەو ڕێگەیەشەوە وڵاتانی ئیقلیمی لە ترسی دەستەڵاتی موتڵەقی پارتی ئامادەی هەموو سازشێک بوون بۆ یەکتری، بەس نەهێڵن پارتی و بارزانی دەستەڵاتیان بە سەر تەواوی کوردستاندا هەبێت.
لەو وەختەشدا توانییان هەم دەستێوەردان بكەن و هەمیش گوشارەکان بەکار بێنن، بەشێک لە هێزە کوردەکانیش لە دژی پارتی بەکار بێنن، بەڵام ئاکام هیچیان پێ نەکرا، وەک سەرۆک بارزانی دەڵێ: “بە ڕوونی بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن پارتی لەناو بەرن، بۆیە بەوە ڕازی بوون هێڵی ١٢/١٠ بمێنێ و چیتر لەگەڵ وەهمی لەناوچوونی پارتیدا نەژین و بەخۆیاندا بچنەوە.”
لە خوێندنەوەی مێژووی دوورونێزیکدا کە سەرۆک بارزانی یادداشتی کردوون و بە زنجیرە کتێب دەیانخاتە بەر دیدی خوێنەران، دیارە کە پارتی جیاوازە لە هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کورد، چونكە لە ئانی هەر بڕیار و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی سیاسی و هەنگاوی ستراتیژیدا، سەرۆک بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ کۆمیتەی ناوەندیی سەرکردایەتیی پارتی و مەکتەبی سیاسی، هەموو شتێک بە ڕاوێژ و دیراسە و پلان و بە بەرنامەی داڕێژراو کراوە.
واتە ڕەمزەکانی پارتی کە تا ئێستایش زۆربەیان لە ژیان و کایەی سیاسیدا ماون، بەشدار بوونە و ڕۆڵی کارایان هەبووە بە تەنیشت سەرۆک بارزانییەوە لە دیراسەکردن و وەرگرتنی بڕیارە چارەنووسسازەكان و هەڵوێستە سیاسییە یەکلاکەرەوەکاندا؛ بۆیە ئەو دەستەواژەیەی سەرۆک بارزانی لەم کتێبەدا زۆرترین جار لە ئانی دانوستان و وەڵامی پەیامە سیاسییەکاندا بۆ یار و نەیاران بەکاری هێناوە ” دیراسەی دەکەین” دەبینرێت. ئاخر دەستەواژەی “دیراسەی دەكەین” ڕادە و ئاستی بەرزی ڕاوێژو ڕاوەرگرتن لە ناو ئەو حزبە دەسەلمێنێ و، دەری دەخا كە بڕیار لەو حزبەدا تاكلایەنانە نەدراوە، ئەوە هاوكات بەرپەرچدانەوەی ئەو نەیارانەی پارتییە كە بانگەشەی تاكدەنگی لە نێو پارتیدا دەكەن.
هەربۆیە دەبینین پارتی بە دووربینی و جیهانبینی ڕۆژ و دوورمەداوە جمووجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی دەست پێکردووە و زۆرتر جاریش سەر کەوتووە و پێی لەسەر تەختە چرووک نەناوە و لەسەر ئاستی باڵادا، هەر بە هێزەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا ماوەتەوە.