پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزیری ناوخۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پۆلیسی هەولێر دووپات کردەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی 08ـی 2022 سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری کرد و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپات کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ئیشوكارەكان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی كرد و لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەشەكان و ئەفسەری بنكەكانی پۆلیس و نووسینگەكانی نەهێشتنی تاوان و ئەفسەری هۆبەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.

ڕاشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری ناوخۆ تیشكی خستەسەر ڕەوشی ئەمنیی شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و جەختی لەسەر ڕۆڵی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كردەوە و ڕایگەیاند، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ سەرەكیترین ئەركیان پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی سەروەریی یاسایە.

ئاماژەی بەوەش داوە کە پاڵپشتی تەواو و جددیی خۆی بۆ گشت ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاریزگای هەولێر دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا كە هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و گشت هێزە ئەمنییەكان بە یەك تیم كار دەكەن لەپێناو هەرچی زیاتر دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.