جەعفەر شێخ مستەفا: ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ عەرەبی هاوردە دێنە خانەقین

بەرپرسێکی پارتی لە قەزای خانەقین ئاشکرایکرد، پرۆسەی تەعریب بە چڕی بەڕێوەدەچێت و رۆژانە ھەتا ٣٠٠ خێزانی عەرەبی ھاوردە لە دەرەوە دێنە خانەقین بۆ نیشتەجێبوون و دادگاو حکوومەتی بەغداش پشتگیریان دەکات.

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی  راگەیاند: لە ئێستادا پرۆسەی تەعریب بەشێوەیەک چڕ بەڕێوەدەچێت و رۆژانە ٢٠٠ ھەتا ٣٠٠ خێزانی عەرەبی شۆڤێنی لە دەرەوەی خانەقین دێنە سنووری قەزای خانەقین و نیشتەجێ دەبن، بێگومان ھاتنی بەلێشاو عەرەبی ھاوردە بە پیلانە و دادگایەکیان داناوە ھاوکار و پاڵپشتی عەرەبی ھاوردەیە.

بەرپرسەکەی پارتی ئەوەشی گووت: زۆربەی گوندە کوردنشینەکان دەوروبەری خانەقین چۆڵکراون و رەوشەکە بەردەوامبێت خانەقین کوردی تێدا نامێنێ کەسیش بەھاواری ئێمەوە نایەت، ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردۆتەوە و لە بەغداش تەنیا دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا ھاتووتە وەڵام .

جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیشیکردەوە: پێویستە کورد رێگری لەو تەعریبەی خانەقین بکات، چونکە ئەو حزبانەی ئێستا لە خانەقینن ھیچ دەسەڵاتیان نیە و ئێمەش وەک پارتی لە دەرەوەی خانەقینین، تەعریب گەیشتۆتە ئاستێک ٢٤ قوتابخانەی کوردی داخراون و خەریکە خوێندنی کوردی بەرەو نەمان بچێ.

ھەواڵی زیاتر