بە گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار دینار نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە باتیفا دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەکی مۆدێرن لە باتیفا سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکات.

د. شاكر عه‌بدولڕه‌حمان، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند: ”بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە باتیفا سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێت، ئەو نەخۆشخانەیە پێک هاتووە لە بەشەکانی نەشتەرگەری و تیشک و سۆنەر و پشکنین و 25 تەختی فریاکەوتن بۆ خەواندنی نەخۆش لە کاتی چارەسەرکردندا”.

گوتیشی: ”دوای ئەوەی پلانی دروستکردنی نەخۆشخانەکە دانراوە، پلانەکە تاوتوێ کراوە و بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە و وەزارەتی تەندروستییش ئەو پڕۆژەیەی پەسند کردووە”.

د. شاكر عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژەی بەوەش دا: ”نەخۆشخانەکە زۆر مۆدێرنە و بەم نزیکانە بەردی بناغەی دروستکردنەکەی دادەنرێت و خزمەتێکی مەزن پێشکەشی خەڵکی باتیفا و دەڤەرەکە دەکات”.

ھەواڵی زیاتر