ئارام کۆشکی
هەفتەی پێشوو لە کۆڕێکی ئەدەبی بووم سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لە پەراوێزی کۆڕەکەدا باس گەیشتە سەر ئەوەی فەلسەفەی خۆرئاوا بۆ ئێمە هیچ سوودێکی نییە و بەتایبەت ناوی میشیل فۆکۆ هات. بەوەدا کە هیچ دەنگێکی ناڕازی نەبوو و منیش یەکەمجاربووم لەو جێگەیە میوان بم هیچ تێبینییەکم نەبوو، بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیەی فەلسەفەی خۆرئاوا و فۆکۆ بۆ من جێگەی پرسیار بوو. هەتا بەڕێزانی کۆڕگێڕ فەزلی “عەلی وەردی و هاشم ساڵح”یاندا بەسەر بیرمەندێکی وەکو فۆکۆدا. لەکاتێکدا ئەم دوو نووسەر و کۆمەڵناسە خۆیان لە زانکۆکانی خۆرئاوا خوێندوویانە و بەرهەمی بیرکردنەوە و تێڕامانن لە فەلسەفە و کۆمەڵناسی خۆرئاوا. ئەی بۆ ئێمە نەیخوێنینەوە؟
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو هەر هەفتەیەک دوای ئەو کۆڕە ماستەرنامەی نووسەر و مامۆستای زانکۆ “جەبار ئیسماعیل ئەحمەد” سەبارەت بە میشیل فۆکۆ و دوو چەمکە سەرەکییەکانی هزری ئەم بیرمەندە لە دوتوێی کتیبێکدا چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لە ژێر ناونیشانی “میشیل فۆکۆ؛ دەسەڵات-دیسپلین”، کە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر دەرکەوتەکانی دەسەڵاتی فۆکۆیی و ئامرازەکانی دیسپلین لە هەرێمی کوردستاندا. کتێبەکە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە و لە دوتوێی 349 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
وەکو نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت “ئەم توێژینەوەیە دەخوازێت هەوڵبدات بۆ دەستنیشانکردنى چەمکى دەسەڵات و شێوازى کارکردنى و شوێنکارەکانى لە پنتە ورد و بەربڵاوە ئاسۆییەکانى کۆمەڵگادا، نەوەک تەنیا هەرەمى دەسەڵاتى سیاسی و دەزگا دەوڵەتییەکان. هەروەها گەڕانەوە بۆ میکرۆفیزیاى دەسەڵات و دۆزینەوەى لە دەزگا پەراوێزییەکانى کۆمەڵگادا و لابردنى سەرنجەکان لەسەر ئەوەى کە تەنیا لە دەزگا و دامەزراوە گەورەکاندا دەسەڵات ئیش دەکات بەرەو شۆڕبوونەوە بۆ بچوکترین پنتەکانى وەک پەیوەندى خۆشەویستى، پەیوەندى نیوان نەخۆش و پزیشک، مامۆستا و قوتابی، میدیا لەهەمبەر بیسەر و بینەر و خوێنەرانى.”
بایەخێکی ئەم کتێبە ئەوەیە پێشتر لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان کەمترین لێکۆڵینەوەى لەبارەی ئەم بابەتەوە کراوە هەڵی بژاردووە کە شرۆڤەى دەسەڵاتە لە بوونیادى خۆیدا وەک بوونى لە پەیوەندى نابەرابەردا، نەوەک قسەکردن لە دەسەڵات لە ڕێگاى شیکارى ئەو دەزگایانەى دەسەڵاتى تیادا پیادە دەکرێت، یان ئەو کەسانەى پیادەى دەکەن، بەڵکو لەڕێگەى خوێندنەوەى کاریگەرییەکەى لەسەر ئەوانەى دەسەڵاتیان بەسەردا پیادە دەکریت و دەرخستنى ئەو دیوەى کە هەمووان لەناو دەسەڵاتدان و دەرە دەسەڵات بوونى نییە.
نووسەر لە پێشەکییەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو دەسەڵات چییە و بونیاد و شوێنکارەکانى چین؟ و چۆن دەسەڵات بەگشتى و لەناو بونیادە بچووک و پەراویزەکاندا ئیش دەکات و کاریگەرى لەسەر تاکەکان چییە؟ ماهیەتى دەسەڵات بەلاى) فۆکۆ(وە چییە و چۆن ئاگایی مرۆیی وەک ئامراز بەکار دەهێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ملکەچکردنى تاکەکان، دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان و لە تۆڕى پەیوەندییە سیاسی و ناسیاسییەکاندا چۆن ئیش دەکات، و ئامرازەکانى دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان بۆ هەژموونکردن بەسەر کۆمەڵگادا و ملکەچکردنى تاکەکان چین؟
تەواوی ئەم پرسیارانەی لێرەدا خرانەڕوو کە نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵی شیکارکردن و شرۆڤەی داون و لە پنتە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستاندا لێی کۆڵیونەتەوە. خودی ئەم توێژینەوەیە سەلمێنەری ئەوەیە کە هیچ بیرمەندێکی خۆرئاوا نییە گرنگی و بایەخی بۆ ئێمە و خوێندنەوە و تێگەیشتن لە خۆمان و کۆمەڵگەکەمان نەبێت. بەبێ کتێب و خوێندنەوەکانی ئەوان نەدەتوانین لە خۆمان تێبگەین، نە دەتوانین کۆمەڵگە و دۆخە سیاسییەکەی بناسین.