چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا سووكایەتی بەشێخ سەعیدی پیران دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا، لە نووسینێكدا سووكایەتی بە سەركردەی كورد شێخ سەعیدی پیران دەكات، ئەوەش ناڕەزاییی كوردانی باكووری لێ دەكەوێتەوە، بۆیە بە فەرمی لە دادگا داوای یاساییی لەسەر تۆمار كرا.
ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر لە توركیا، لە هەژماری خۆی لە تویتەر، سووكایەتی بە شێخ سەعیدی پیران كردووە، ئەمەش ناڕەزاییەکی توندی لێ كەوتەوە.

سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، بە فەرمی داوای یاسایییان لەسەر ئومید تۆمار كرد و لە هەمان كاتدا خانەوادەی شێخ سەعیدیش لە دادگا داوای یاسایییان لەسەری تۆمار كردووە، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان نووسەر و چالاكوان لە توركیا و باكووری كوردستان، بە توندی دیژی ئومید ئۆزداغ وەستاونەتەوە و داوا دەكەن سزای توند بدرێت.
پارێزەر مەهدی ئۆزدەمیر، پارێزەری خانەوادەی شێخ سەعید ئاماژە دەدات، شێخ كەسایەتییەكی گەورەی كۆمەڵگەی كوردییە، كاتێك كەسێك دێت و سووكایەتیی پێ دەكات، ئەمە نابێت قبووڵ بكرێت و پێشێلکردنی كەسایەتیی هەموو كوردێكە، بۆیە داوای یاساییمان لەسەری تۆمار كردووە.
ئۆزدەمیر، لە درێژەی گوتەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە چەند رۆژی داهاتوو بەفەرمی داوا لە پەرلەمانی توركیا دەكەن، كە پارێزبەندی لە ئۆزداغ هەڵبگرێت و دۆسیەكەی رەوانەی دەدگا بكەن، ئەگەر ئەو كارە نەكەن، تا هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت و ئۆزداغ وەكوو پەرلەمانتار بەرپرسیاری نابێت، ئەوكات راپێچی دادگای دەكەن.
لە 2010، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، بە هەمان شێوە سووكایەتی بە شێخ سەعید كرد و دوای ئەوەی داوای یاساییی لەسەر تۆمار كرا، دادگا بڕیاری دا بە پێنج لیرەی توركی سزا بدرێت، ئەم سزایەش وەكوو سزایەكی سیمبۆلیک بوو و دادگا مافی دایە خانەوادەی شێخ سەعید، كە باخچەلی لەسەر هەق نییە و دەبێت سزا بدرێت.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، هێشتا پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لەو ڕووەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە و تەنانەت بە هیچ شێوەیەك دژایەتیی خۆی بۆ ئەو سووكایەتییە دەرنەبڕیوە كە بەرامبەر بە شێخ كراوە.
لە سۆشیالمیدیا، بەشێك لە نووسەر و هاووڵاتیان رەخنەیان لە هەدەپە گرتووە و داوای لێ دەكەن، لە پەرلەمانی توركیا، بابەتەكە بورووژێنێت، تا هیچ كەسێك بۆی نەبێت سووكایەتی بە هیچ سەركردەیەكی كورد بكات.
شێخ سەعیدی پیران، لە 1925، شۆڕشی لە دژی كۆماری توركیا هەڵگیرساند و داوای مافی كوردی كرد، بەڵام دەستگیر كرا و، لەگەڵ 46 هاوڕێی لە شاری ئامەد لەسێدارە درا و تەرمەکەی بێسەروشوێن کرا و تاوەكو ئێستاش كەس نازانێت گۆڕەكەی لە كوێدایە.