چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان واژۆ کۆ دەکاتەوە 

میدیا عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی واژۆ کۆکردنەوەیە، بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی 180 واژۆ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کۆ کراوەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە رانەگەیەنراوە، کۆبوونەوەکە لە بینای پەرلەمانی عێراق، یان لە شار و شوێنی دیکەدا دەبێت.

عوسمان گوڵپی، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، کێشەکان لە عێراق لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان و کۆنەبوونەوە نییە، تەنانەت پێکهێنانی حکوومەتیش نییە، چونکە حکوومەتیش پێکبهێنرێت، بەبێ سەدر و گرووپەکانی دیکە ئەوە سەرکەتوو نابێت، چونکە دووبارە عێراق دەچێتەوە دۆخی چەقبەستوویی و ململانێی نێوان شەقام و حکوومەت.

گوتیشی: ”ئەو هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کۆبوونەوە، تەنیا کارتی فشارە، رەنگە بە هاوکاریی هەندێ وڵاتی ئیقلمی بێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێ بەبێ موقتەدا سەدر ئیدارەی عێراق بکات، کۆبوونەوەش ئەگەر بکرێ، هەنگاوێکی هەڵەیە و عێراق دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆزتر و پشێویی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت.“