نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکرد، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە فشارێکی زۆر لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ناردنەوەی پەنابەران بەشێوەی زۆرە مللێ دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەراندانییە.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەوروپا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند” یەکێتی ئەوروپا فشارێکی زۆری خستووتە سەر حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەزۆر پەنابەران رەوانە بکرێنەوە، تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەراندا نییە، لەوانەیە زۆریش لەسەر حکوومەت کەوتبێت بۆ رەتکردنەوەی ئەو داواکاریەی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی پەنابەران حکوومەتی ھەرێم نەچووەتە ژێر باری ئەو داواکاریەی ئەورۆپا.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێم گوتیشی” نزیکەی ١٥ ساڵ دەبێت ئەو فشارە ھەیە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەندێ لایەن پڕۆپاگندەی ئەوە دەکەن ھەرێمی کوردستان رازیە بەو داواکاریەی ناردنەوەی پەنابەران، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی ھەرێم بە ھیچ شێوەیەک لەگەل ناردنەوەی زۆرە مللێ نیە بۆ پەنابەران.
دلاوەر ئاژگەیی روونی کردەوە” حکوومەتی ھەرێم تەنیا لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیە بۆ ھەر کەسێک ئەگەر بیەوێ بگەڕێتەوە، لەگەل ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان ئامادەی کار ئاسانییە بۆ پەنابەرانەی بە ئارەزوومەندانە دەیانەوێ بگەڕێنەوە، تۆمارکردن و ناردنەوەی پەنابەران لە رێگەی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە، لەبەر ئەوەش ئەو ئامارەی تۆمارکردنی پەنابەران لای ئێمە نییە و نازانین چەند بۆ گەڕانەوە خۆیان تۆمار کردوە.