بەنزینی هاوردەکراوی عێراق بەشێکی گەورەی کەمی سووتەمەنی هەرێم چارەسەر دەکات

ئا: شۆڕش غەفووری – هه‌ولێر

کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە کەمی و زۆری هاوردەکردنی سوتەمنییەوە لە دەرەوەی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە چوار ملیۆن لیتر بەنزین هەیە لە ڕۆژانەدا و پاڵاوگە نێوخۆییانی هەرێم توانای بەرهەمهێنانێکی کەمیان هەیە، هەر ئەمەش وای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێکبکەون بۆ هاوردەکردنی ملیۆنێک لیتر بەنزین ڕۆژانە و دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا.

ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم:
لە کابینەی نۆیەم و دوای سەردانی دکتور کەمال ئەترووشی،وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار‌ی، وەزیری نەوتی حکوومەتی ناوەندی، بڕیار لەسەر هەناردەکردنی بەنزین یه‌ك ملیۆن لیتر به‌نزینی ئۆكتانی به‌رز درا لە لایەن‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقییەوە.
دواتر بە نووسراوی ژمارە ١١٢٠٤ لە ڕێککەوتی ٢٤/١٠/٢٠٢١ی زایینی کە لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکراوە، بەغدا ڕۆژانە ٥٤٠ هەزار لیتر بەنزینی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین کرد و ئەم بڕەش لە١/١١/٢٠٢١ی زایینی دەبێتە دوو هێندە، واتە دەبێتە ملیۆنێک و ٨٠ هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا.

نیوەی بەنزینەکە گەیشت:
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەری کێشەی کەمی بەنزین،دوێنێیەکشەممەڕێکەوتی (٢٤/١٠/٢٠٢١)ی زایینی، بڕی (٥٤٠) هەزار لیتر بەنزینگەیشتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و ئێستا ئەم بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٨٠ هەزار لیتر. هەرچەندە بە پێیڕێککەوتنەکەی هەردوو وەزیری سامانە سرووشتییەکانی عێراق و هەرێم دەبوو ئەم بڕە بەنزینە لە ڕێکەوتی دیاریکراوبگاتە کوردستان، بەڵام لە ڕێکەوتی ٣٠/٩ تا ٢٣/١٠/٢٠٢١ی زایینی هیچ لیترە بەنزینێک نەنێردرا و ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمی بەنزین و گرانگبوونی بەهاکەی، بەڵام ئێستا نیو هێندەی بڕی ڕێککەوتن لەسەرکراو دەنێردێت کە بڕیار وایە بەم زووانە بە تەواوی ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت و ملیۆنێک ٨٠ هەزار لیتر بەنزین بگاتە هەرێم و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش بکرێت.
فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەم بارەوە دەڵێت: “دەستمان کردووە بە دابەشکردنی بەنزینی هاوردەکراو و لەم چوارچێوەیە و لە هەنگاوی یەکەم پێنج تەنکەری بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و سێ تەنکەری بۆ پارێزگای دهۆک و دوو تەنکەریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەنێردرێت کە هەر تەنکەرەی ٣٦٠٠٠ لیتر بەنزینی جۆری نۆرماڵە و ئەگەر بەنزینی هاتوو گەیشتە ملیۆن و هەشتا هەزار لیتر ئەودەم ئەم بڕیەی پارێزگاکان دەبێتە دوو هێندە، کەواتە ئێستا ڕۆژانە بڕی ١٨٠ هەزار لیتر بەنزین دەگاتە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ١٠٨ هەزار لیتر دەگاتە پارێزگای دهۆک و ٧٢ هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و بە زیادبوونی بڕەکەشی بۆ ملیۆنێک و ٨٠ هەزار، بڕی بەنزینی نێردراو بۆ هەر چورا پارێزگا دوو هێندە زیاد دەکات”.

بەها و دابەشکردنی بەنزینەکە:
نرخی هەر لیترێکی ئەو بەنزینەی نۆرماڵە ئۆکتان بەرزەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ٦٥٠ دینارە. بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی حکوومەت، ئەم نرخە نرخی نێو پاڵاوگەکانە و ٤٠ دیناریشی دێتە سەر لەبەر کرێی گواستنەوە و کۆگاکردن و پشکنین و عەمولە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ زیادەخستنەسەرێک بە ٦٩٠ دینار لە نێو بەنزینخانەکان دەیفرۆشێتەوە بە هاووڵاتیان.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش میکانیزمێکی بۆ دابەشکردنی بەنزینەکە داناوە لە بەنزینخانە ئەهلییەکان کە بە شێویەکی دادپەروەرانە و بە نۆرە دابەش دەکرێتە سەر بەنزینخانەکانو لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکی سامانە سرووشتییەکان چاودێری دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەی دەکات تا “بە هیچ شێوەیەک پێشێلکارییەکی تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاووڵاتیان” و هەروەها مەرجێکیش دیاری کراوە بۆ بەنزینخانەکان بۆ چەسپاندنی ئەم دادپەروەرییە کە ئەویش بەم شێوەیەیە:
ـ هیچ بەنزینخانەیەک کە بەنزینی نۆرماڵی حکوومەتی وەرگرت، نابێت بەنزینێکی دیکەی نۆرماڵ بفرۆشێت.
ـ بە هیچ شێوەیەک بەنزینە حکومییە ئۆکتانبەرزەکە تێکەڵ ناکرێت بە بەنزینی دیکەی نۆرماڵ.
ـ بە هیچ شێوەیەک دەستکاری بەهای بەنزینەکە ناکرێت و بە شێوەی لافیتە بە ئاشکرا بەها حکومییەکەی دیاری کراوە.

ھەواڵی زیاتر