بەهۆی لافاوەوە هاتوچۆ لە چەندین شەقامی هەولێر وەستا

دوێنێ، بەهۆی بارانی بەخوڕ و تەرزەی زۆرەوە لە پارێزگای هەولێر، چەندین گەڕەک و شوێن لافاویان لێ دروستبوو، سەدان ئۆتۆمبێلیش لە هاتوچۆ کەوتن و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەندین شەقام هاتوچۆ پەکی کەوت.

دوێنێ یەکەمین بارانی پایزە، سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، لە پارێزگای هەولێریش باران و تەرزەیەکی زۆر باری، پارێزگاری هەولێر، چەندین ئاگادار کردنەوەی دایە هاووڵاتیان و بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە ئامادە باشی تیمەکانی ڕاگەیاند و داوای کرد خەڵکیش هاوکاربن و بۆ کاری پێویست نەبێت ڕێگای پیرمام هەولێر بەکار نەهێنن کە ئاوێکی زۆری لێ کۆببۆوە و بۆ چەندین کاتژمێر هاتوچۆکەرانی ڕاگرت.
جێگای ئاماژە پێکردنە، چەندین گەڕەک بەهۆی لافاوەوە ماڵەکانی زیانمەند بوون، بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک لە شەقامی ١٥٠ مەتری و سیتی و پرۆژەکان، هەرچەند تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پارێزگاری هەولێر هیچ حاڵەتێکی نەخوازراوی بەهۆی لافاوەکەوە ڕانەگەیاند..

ھەواڵی زیاتر