پەکەکە ڕێگرە لەبەردەم کردنەوەی سنوورێکی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە شەش ساڵە بڕیاری کردنەوەی دەروازەی کێلەشین لە نێوان ئیدارەی سۆران و شاری شنۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دراوە، کەچی تا ئێستا دەست بەڕێکارەکانی کردنەوەی دەروازەکە نەکراوە. بە گوتەی ئابووریناسان، کردنەوەی سنوورەکە جگە لە بووژانەوەی ناوچەکە و جمووجۆڵی بازرگانی، ھەلی کار بۆ ھەزاران کەس دەڕەخسێنێت. بەگوتەی لایەنە پەیوەندارەکانیش، ھۆکاری نەکردنەوە و دواکەوتنی ئەو دەروازەیە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە.

لە ئێستادا ھەر سێ سنووری حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا بە فەرمی کراوەن، کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە ئاستێکی بەرزدایە و ساڵانە ٤ ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئەوەی ھەشت سنووری نافەرمی ھەن، ھەوڵ ھەیە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و ئێرانەوە ئەو سنوورانە بکرێنە فەرمی، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی و دانپێدانانی حکوومەتی عێراق ھەیە.
سنووری کێلەشین لە سنووری ناحیەی سیدەکانی ناوچەی برادۆست و شاری شنۆ لە ئێرانە، کێلەشین، سێگۆشەی سنووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان، تورکیا و ئێران پێکدەھێنێت و بە ناوچەیەکی ستراتیجی و گرنگ دادەنرێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا شاندی ھاوبەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆنسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر بە مەبەستی بەدواداچوون و دانانی پلان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ناوچەکەیان کرد، ھەر ئەو کات مورتەزا عیبادی، سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێر، گوتی: “پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندییەکی دۆستانەیە، دەبێ ھەردوولامان ھەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ئارامی سنوورەکان، لەبارەی کردنەوە سنووری کێلەشین-شنۆ، گوتیشی: “وەک چۆن لە ئاڵۆزیی سنوورەکان خەڵکی ناوچە سنوورییەکان زەرەرمەندبوونە، دەبێ لە کردنەوەی سنوورەکە خەڵکی شنۆ و سۆران سوودمەندی یەکەم بن و بەھیواین ئەم دەروازەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ئیدارەی سۆران ٨٠% ناوچە گەشتیاری و بازرگانییەکەی پارێزگای ھەولێر پێک دەھێنێت، ھەڵکەوتوویی جیۆپۆلەتیکی یان شوێنی جوگرافی ئەم ناوچەیە ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە کە لە ئێستا و داھاتوودا بتوانێت چەند سنوورێکی دیکەی سنووری جگە لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بکاتەوە.
مامۆستا ھشیار ڕەفیق، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ ھەولێر دیارکرد: “کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان، گرنگی خۆی ھەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و فەراھەمکردنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان و پێشوەچوونی پەیوەندیەکان و کارئاسانی زۆر بۆ ھاووڵاتییانی سەر سنوور لە ھەموو ڕوویکەوە، لەگەڵ ئەوەی کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان دەبێت.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ “ھەولێر” گوتی:” بڕیارە گرنگی بە خاڵە سنووریەکانی نێوان ھەرێم و ئێران بدرێت، وەکو حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و باشماخ، بۆ ئەوەی ھەرچی کێشە و گرفتیان ھەیە چارەسەر بکرێت و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکرێت و قەبارەی بازرگانی وەکو پێشووتر زیاتر بێت.
ئاکرەیی، گوتیشی: “بەفەرمیکردنی سنوورەکان لە دەستھەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە، ئێران و ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام ھەوڵدەدەن ئەو سنوورە نافەرمیانەی لەنێوان ھەردوولا ھەیە بکرێنە فەرمیی، بەڵام ھێشتا ماوە بەفەرمیی دانی پێدابنرێت لەلایەن حکوومەتی عێراق کە سنووری سەیران بەند، کێلێ، شوشمێ، کێلەشین و شێخ سێلێ کە ھەشت سنوورن بۆیە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بەردەوام لە پەیوەندیدایە، ھاوکاری لە ھەردوولا ھەیە و پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی بازرگانی بەرزبکرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەو سنوورانە بکرێنە نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر باش دەبێت و خەڵکێکی بێکار دەبێتە خاوەن کار.
بەرێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، ئاشکراشی کرد:” ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ساڵانە نزیکەی ٤ ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە بەوە ڕازی نین و دەمانەوێت بچێتە ئاستێکی بەرزتر وەکو پێشوو، کە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەگەیشتە ھەشت ملیار دۆلار، بۆیە کاری بەردەوام دەکرێت و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە پەرە بە کەرتی بازرگانی بدرێت و قەبارەی بازرگانی زیاتر بکرێت لەگەڵ ئەو وڵاتە، جگە لەوەی ڕۆژانە زیاتر لە ٣ ھەزار گەشتیار بەو سنوورانەدا دێنە ھەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر