داستانی سێ سوارەكەی ئەلسكاندەر دۆما تا ئێستا تاموچێژی خۆی هەیە، سێ سوارەكەی جمهووریەتی مهاباد هەژار و هێمن و هێدی، هەر یەكەیان بە شێوەیەك لە مەیدانی لە شیعردا ئەسپی خۆیان تاو داوە.
لەگەڵ مامۆستا هەژاردا ئاشنایی باشم هەبووە و زەمانێك بوو یەكترمان دەناسی، ئاگاداری مامۆستا هێمن هەبووم، بەڵام بە خزمەتی نەگەیشتبووم، بە وتەی پێشینان دزاودز كەوتووم لەگەڵیدا. بەندە لە ساڵی 1963ز بووم بە پێشمەرگە و لە دوای پێنج شەش ساڵ ڕۆیشتمە دەرەوە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ساڵانێكی دوورودرێژ لە دەرەوە بووم گەڕامەوە بۆ وڵات، هێمنیش گەڕایەوە وڵاتی خۆی مامۆستا هێدی دوو ساڵی لە پێش مردنیدا گەیشتمە خزمەتی و وتم: مامۆستا تۆ نیشەتەجێی هەولێری بۆ دەرناكەوی… بۆ لە هیچ بۆنەیەكدا بە خزمەتت ناگەین؟
بزەیەكی كەوتە ڕوخساری و وتی: كاكە دەعوەتم لێ ناكەن، لات جوانە بەبێ دەعوەت خۆم هەڵقورتێنمە ناو بەزمەكەیدا؟
بەندە هیچ بەدەست بووم و خاوەنی هیچ بۆنەیەكیش نەبووم…
شەرمێكی عارەقاوی نیشتە ڕوخسارم، لە خۆمم پرسی: تۆ بڵێی ئەو هەموو كۆلیژی ئەدەبیات و دامودەزگەی ڕۆشنبیری و چوزانم ئەكادیمی و …. شاعیرێكی وا گەورە نەناسن؟
ئەگەر نەیناسن ئەوە تاوانە، ئەگەر بیناسن و داوەتی نەكەن، خۆ تاوانەكە گەورەترە.
ساڵی 1960 بۆ یەكەمین جار بە خزمەتی مامۆستا هەژار گەیشتم لە ماڵی ئێمەدا لە شاری بەغدا لە لایەن باوكمەوە داوەت كرابوو بۆ نیوەڕۆخوانێك… ئەو كات تەمەنی من حەڤدەساڵ و چەند مانگێك دەبوو، بینینی مامۆستا هەژارم لە ماڵی خۆماندا بە هەلێكی باش زانی… ئەو دەم دەستم بە شیعرنووسین كردبوو، دەفتەرێكم پڕ كردبوو لە شیعری جۆراوجۆر بە مامۆستا هەژارم وت: مامۆستا دەفتەرێك شیعرم نووسیوە ئەگەر مەرحەمەت بكەیت چاوێكی پێدا بخشێنی هەر فرە سوپاست دەكەم. ئاوڕێكی وردی لێ دامەوە و بیری خوێندمەوە زانیم لە فكری خۆیدا دەڵێت:” دەبێ چ پەرتوپەڵایەكی نووسی بێت.” بە دوودڵییەوە دەفتەركەی لێ وەرگرتم دوای دوو مانگ لەگەڵ كابرایەكدا دیسان لە ماڵی خۆماندا گەیشتمەوە خزمەتی… دەفتەرەكەی پێ دامەوە، سەیرم كرد هیچ جۆرە تێبینییەك نە لە سەرەتاوە نە لە پایانیدا تۆمار نەكراوە، دوودڵ بووم، دەترسام لێی بپرسم سەرگەرمی قسەكردن بوون… سەرەنجام گوڕمدا بەخۆم و لە كورتە بێدەنگییەكدا وتم: مامۆستا دەفتەركەمت خوێندەوە؟
وتی: بەڵێ خوێندمەوە…بەڵام گوێبگرە چیت پێ دەڵێم، پاشایەك هەبوو جاڕیدا هەركەسێك هونەرێك بنوێنێ خەڵاتی باشی دەكات… كابرایەك ئەوەی دەبیستێت و دەڕوا بۆ دەرباری شا و دەڵێت: لەسەر فەرمانی شای هاتووم هونەر بنوێنم… دەیبەنە حزووری شا و شا پێی دەڵێت دەی بزانم چ هونەرێكت پێیە؟
كابرا قتویەك لە گیرفانی دەردێنێ و دەیكاتەوە و دەرزییەكی درومان لە قتوو وەدەردێنێ و لەسەر تەختەیەك دەیچەقێنی… سەد دەرزی بەسەر یەكەوە لەسەر ئەو دەزری یەكەم ڕادەوەستێنی، پاشا بە وردی سەیری ئەو كۆمەڵە دەرزییە بەسەر یەكدا كەڵەكەكراوە دەكات، سەری سڕدەمێنێ و چەپڵەیەك لێ دەدا، دوو یاساوڵ دێنە بەرەوە، پاشا دەڵێت:” سەد لیرەی زێڕ بدەنە ئەو كابرایە، سەد شەقیشی تێهەڵدەن..” كابرا ڕوو بە پاشا ڕادەستێت و دەڵێت: قوربان! سەد لیرەكەمان زانی، ئەی سەد شەقەكە مانای چی بوو؟
پاشا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:” سەد لیرەكە بۆ ئەوە بوو ئەشهەدو ئەوەی تۆ كردت هونەرە، بەڵام حیزباب ئەو هەموو وەختەت بەو شتە قۆڕەوە سەرف كردووە، سەد شەقەت نۆشی گیانت بێت.”
ئەو دەفتەرەم لە پێشمەرگایەتیدا لەگەڵدا بوو، لە پێشمەرگایەتیدا لافاو و باران هێرشی كردە سەر وشكە كەڵەكەكەمانەوە دەفتەرەكەم بوو بە شەهیدی لافاو، خوسا لەنێو لافاودا ئەو شیعرانەم تیاچوو…
مامۆستا عەبدولرحمان شەرەفكەندی ناسراو بە هەژار شاعیر و وەرگێڕ و قسەخۆش بوو، پەخشاننووس و كوردیزان بوو، مەلاشكور مستەفا، مامۆستا مەسعوود محەمەد هەڵیبژاردووە لەنێو ئەو كەسانەی كوردیزانن … ناوی هەژاری نەهێناوە.
سەیر لەوەدایە ئەو پرسیارەم لە “مەلا شكور” كرد كێ لە تۆ كوردی باشتر دەزانێ؟
بێ یەك و دوو وتی: هەژار.
پرسیارێك بڕێك كەس ئەوانەی لە ناوەندی ڕۆشنبیریدان، ئەو پرسیار و باسەی لەگەڵ یەكدا دەكەن، كامیان شاعیرترن: هەژار یان هێمن؟
من ئەو پرسیارەم چەندان جار لێكراوە و وەڵامم داوەتەوە، بەندە لە نزیكەوە بە خزمەتی مامۆستا هێمن نەگەیشتووم، بەڵام ئەوی ئەو نووسیویەتی خوێندوومەتەوە، بەلای منەوە وەك شیعر هێمن شاعیرترە و شیعرەكانی پڕن لە ریتم و ناسكی و مۆزیك وەك پەخشان و زمانەوانیی هەژار بەتواناترە… بەهەرحاڵ بیروبۆچوونەكان جیاوازن، جیاوازییەك لە پایەی بەرزی هیچ كامیان كەم ناكاتەوە!
لە پێش پیلانی جەزائیردا من لە تاران بووم، ئەو پیلانە كەوتە جێبەجێكردنەوە، زۆر لە برادەرە كۆنەكانی سەردەمی پێشمەرگایەتی و بەر لە پێشمەرگایەتیشم دین، یەكێك لەوانە مامۆستا هەژار موكریانی بوو، با ڕاستگۆبم لەپێش هەڕووژانی شایدا چەند جارێك گەیشتمە خزمەتی، بەڵام دوای هەڕووژان و بیگرە و بەردەكەی لەبەر چەند هۆكارێك لە ماڵی خۆمدا نە دەنووستم و گوێزامەوە ماڵی باوكم لە “كەرەج” لەوێ زۆرتر نووسەری گەورە “جەرجیس فەتحوڵڵا” و مامۆستا هەژارم دەدی، ئیتر هەرا بوو، دەرگە لە گێژەنگە ترازابوو، خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەكانی ناو ئێراندا بەردەوام بوو، بڕێك كەس حوسێنییەكان وتاریان دەوت و شیعریان دەخوێندەوە، مامۆستا هەژار پێشنیاری كرد بۆ نەڕۆیین بۆ ناو حوسێنییەكانی ناو شار تا لە نزیكەوە گوێبگرین؟
پێشنیارەكەم بەلاوە پەسند بوو، ئیتر هەر ڕۆژێك خۆمان دەكردە حوسێنییەكدا، شارۆچكەی “عەزیمیە” تۆزەكێك لەناو شارەوە بەدوور بوو، ئەو شارۆچكەیە تایبەتمەندی شۆڕشگێرانی “پارتی” بوو، جا بەندە و مامۆستا هەژار گوێگری باشی وتەكانیان بووین، جاروبار مامۆستا هەژار دەیچرپاندە گوێماندا، زۆرتر جنێو بوو، خوا هەڵناگرێت با ڕاستگۆبم بە ئەندازەی شیعرەكانی لە جنێویشدا وەستا بوو…
من هەر ئەوەندە لە ئێرانا مامەوە كاتێك “سالارجاف”ی بێتاوانیان ئیعدام كرد، ئێرانم بەجێهێڵا، ئیتر مامۆستا هەژارم نەدی… ئەوی پێم سەیربوو قورئانی پیرۆز بوو بۆ سەر زمانی كوردی، هەژارێكی ئیمان لەرزۆرك و مۆڵەق ئەو كارەی بكات، پێم سەیر بوو، بەلای منەوە كارێكی زۆر شیاوی كردووە، كوردەكەی بە وردی لە گەورەیی خودا باشتر ئاگادار كردووەتەوە…
دەربارەی نووسینەكانی، نامەوێ باس لە هەنبانە بۆرینە و چێشتی مجێور بكەم، تۆیش وەك من خوێندوونتەوە….
عەبدولڕەحمان شەڕەفكەندی كوڕی حاجی مەلا محەمەد بووە، ساڵی 1920ز لە شاری مهابادی كوردستانی ڕۆژهەڵات هاتووەتە دونیاوە، دیارە لە سەردەمێكدا ماڵیان چووەتە “تەرغە”، بەلای باوكییەوە فێری نووسین بووە، لە حوجرە بەلای مەلاوە خوێندوویەتی و ماوەیەك فەقێ بووە، هەر لەوێ جگە لە ڕێزمانی عەرەبی، گوڵستان و بوستانی سەعدی خوێندووە، واپێ دەچێ باوكی هەژار مەلایەكی خوێندەوار بووبێت، زمانی كوردی بە وردی زانیوە و هانی عەبدولڕەحمانی كوڕی داوە فێری زمانی كوردی بێت.
هەژار لە ساڵی 1960 شیعری نووسیوە، گەلێك سەرسام بووە بە شیعرەكانی ئەحمەدی خانی، وەفایی، مەلای جەزیری… هەژار یەكێك بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان و گەلێك سووربووە لەسەر ئامانجەكانی ئەو حزبە، لە كۆماری كوردستاندا دەوری خۆی نواندووە… هەژار و هێمن و هێدی بە سێ شاعیری كۆمارەكە ناسراون، دوای تێكچوونی كۆماری مهاباد لە ئازاری 1947بە ناچاری وڵات جێدەهێڵێ و ژیانی ئاوارەیی هەڵدەبژێرێت…
30ساڵ لە كوردستانی باشووردا ژیاوە، سەرەنجام لێژبووەتەوە بۆ ناو بەغدا، تووشی دەرد و نەخۆشیی سیل هاتووە، بۆ چارەسەری دەڕوا بۆ لوبنان… دوای چاكبوونەوە دەگەڕێتەوە عێراق ، لە عێراق قاچاغ دەبێت و بەرەو سووریا دەچێت…كە شۆرشی ئەیلوول هەڵدەگیرسێ، بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر لە ساڵی 1961ز دەڕوات بۆ شاخ… كاتێك ڕێكەوتنی ئازار دەكرێت 1970 هەژار دەڕوات بۆ بەغدا لەوێڕا بە دروستكردنی یەكێتیی نووسەرانی كوردەوە خەریك دەبێت، دواتر دەبێتە سەرۆكی ئەو یەكێتییە، دواتر بووە بە ئەندامی كۆڕی زانیاریی كورد، دوای پیلانی جەزائیر لە ساڵی 1975ز ڕۆیشتووە بۆ ئێران و تا مردن هەر لەوێ ماوەتەوە.
ئەوەم بەلاوە جوانە كە هەژار دەربارەی خۆی وتویەتی:” لە بیرم نییە كەی هاتوومەتە دونیاوە، باوكم لە جێگەیەكدا نووسیویەتی وابزانم ساڵی 1334بووە، سەت خۆزگە نەهاتبامە دونیاوە، وەك دەڵێن گەلێك گرینۆك بووم.” دەربارەی هێمن دەڵێ:” لە خانەقا لەگەڵ هاوتەمەنێكی خۆمدا ناوی محەمەدی شێخولئیسلام بووە، ئەویش دەبوا بۆ بەرەكەت بەلای “مەلاسەعید”وە بخوێنێ، نازانم ئەو زیرەكتر بوو، یان من یان هەردووكمان وەك یەك داركاری دەكراین، بە قەد یەك جنێومان پێدەدرا، تەنها فەرقێكمان هەبوو، ئەو بۆ نگبەتی شیعری دەوت، خۆی لە من بە هونەرمەندتر دەزانی، بەڵام شیعری چی؟ یاخوا بە نەسیبی دوژمنانت بێ، من لە بەغیلیان گاڵتەم پێ دەكرد، ئاخری هەر وازی نەهێنا و نەهێنا، لە دوا ڕۆژدا بوو بە شاعیرێكی هەرە بەرز، بەناوی هێمن… ناوبانگی كرد، كاری هەرە گرنگمان ڕاوە دووپشك بوو، بۆ دزی باغان، مریشك دزین لە ماڵە شێخان و هەزار بەدفەڕی و كاری نالەباری دیكە بوو…”