زیاتر لە ١٠ مانگە لە عێراق هەڵبژادن کراوە، بەڵام نەک نەتوانراوە هیچ حکوومەتێک پێک بهێنرێت بەڵکوو شیعە بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکتر دابەش بووە و ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەو دوو بەرەیەش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. نارەزایەتییەکان بەهۆی مانگی موحەڕەم و رێورەسمە ئاینییەکان ئاشتیخوازانە بوون بەڵام پێشبینی دەکرێ لە ئەگەری رێکنەکەوتن توندوتیژی سەرهەڵبدەن.
دواین هەڵوێستی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراق بەکارهێنانی شەقامە و بە پاڵپشتی جەماوەرەکەی هەوڵی سەرخستنی داواکارییەکانی دەدات. ئەو دوای ئەوەی نەیتوانی لە رێی پەرلەمانەوە و بە پشتبەستن بەیاسا حکوومەت پێک بهێنێت و لەگەڵ بەربەست و چەڵەمەی لایەنەکانی تری شیعە کە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناسراون بەرەوڕوو بوو، بڕیاری دا هەر ٧٣ پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە.
دواین هەڵوێستی سەدر ئەوە بوو، رۆژی شەممە خۆپێشاندانێکی تری جەماوەری بەڕێوە ببات بەڵام لە بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکە پاشگەز بوویەوە. خۆی لە تویتێکدا نووسی ”ترسێکی زۆرم لەوە هەیە توندوتیژی سەرهەڵبدات، چونکە خوێنی عێراقییەکان لە هەموو شتێک گرنگترە.”
راکێشانی سۆزی جەماوەری شیعەیەکێک لە فاکتەرەکانی بە بەهێزی هێشتنەوەی سەدر بووە لە گۆڕەپانەکە و سەرەڕای ئەوەی کە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەتوانن لە رووییاساییەوە هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بنێن بەڵام سەدر رێگری کردووە و تەنانەت نەیهێشتووە پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات. رەکابەرە سەرەکییەکەی سەدر و باڵی بەرانبەری ئەو لایەنانەن کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکن و سەدر ناخوازێت لەسەر بنەمای پشک پشکێنە و پێوەرەکانی جاران حکوومەت پێک بێنێت.
لە کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمانی عێراق و لە نێو پەرلەمان و لە بەرانبەر پەرلەمان دەستیان بە مانگرتن کرد، ئەوان داوایان کرد کۆتایی بە فەرمانڕەوایی گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکی بهێنێت. هەنگاوەکەی سەدر وایکرد لایەنەکەیبەرانبەر کە لە هێزەکانی نزیک لە ئێران پێکدێن هەڵوێست وەربگرن و خۆپێشاندانێک رێک بخەن.
ئێستە هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ داهاتووی سیاسی عێراق نابینرێت، موقتەدا سەدر رەتی کردەوە لە کۆبوونەوەی رێبەرانی سیاسی عێراق بەشداری بکات، کۆبوونەوەیەک کە لە لایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێک خرابوو. کازمی گوتبووی ئامانج لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بووە دانوستانێکی جیددی لە نێوان لایەنەکان دەست پێ بکات و وڵات لەو قەیران و تەنگژە سیاسییە رزگاری ببێت.
سارا هێپ بەرپرسی بەشی عێراقی دامەزراوەی فرێدریش ئیبێرت بە دۆیچەوێلەی ئەڵمانی گوتووە بەشدارینەکردنی نوێنەری موقتەدا سەدر لەم کووبوونەوەیەی کازمی رێکی خستبوو، دەرخەری ئەو راستییەیە کە هێشتا دۆخی عێراق ئاڵۆزە.
دەستپێکی ئەو ناکۆکییانە کاتێک بوو فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانی حکوومەت پێک بهێنن. وەک ئاشکرایە لە نێو لایەنەکانی شیعە، سەدر ٧٣ کورسی بەدەست هێنا و مافی ئەوەی هەبوو سەرۆک وەزیران هەڵبژێرێت بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پێویستی بە هەڵبژاردنی سەركۆمارێکی نوێ هەبوو، هەڵبژاردنی سەركۆماریش پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەبوو و سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی سوننە جۆرێک هاوپەیمانێتی پێکهێنا بەڵام نەیتوانی رێژەکە دەستەبەر بکات و سەركۆمار هەڵبژێرێت.
ئەگەر هەوڵەکانییەک لەسەر سێی پەکخەر نەبووایە، سەركۆمار زۆر بە ئاسانییەکلایی دەبوویەوە و لەو کاتەدا دامەزراندنی حکوومەت کارێکی ئاسان دەبوو. دوای ئەو هەمووە رێگری و بەربەستانەی کە بۆ موقتەدا سەدر هاتە کایەوە، لە پڕۆسەی سیاسی هاتە دەرەوە و ئێستە لە شەقامەوە دەیەوێت ویستەکانی خۆی بەدی بێنێت.
یەکێک لە ویستەکانی سەدر ئەوەیە پەرلەمانی ئێستای عێراق هەڵبوەشێتەوە و لە داهاتوودا کار بۆ هەڵبژاردنێکی تر بکرێت بەڵام ئەو ویستەش پێویستی بە هەندێک رێکارییاسایی و سیاسی هەیە کە هێشتا بەدی نەهاتوون. لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق وڵامی ئەوداواکارییەی دایەوە و گوتی دەسەڵاتی ئەوەی نییە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە. دەسەڵاتەکەگرێ دراوە بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران و سەركۆمار و پاشان زۆرینەی پەرلەمان.
بەگشتی هێز و لایەنەکانی نزیک لە ئێران خوازیاری ئەوەن هەر چی زووە حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام سەدر ئەو دەرەتانەی پێ نەداون و سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
تا ئێستە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی عێراق ئاشتیخوازانە و دوور لە توندوتیژی بوون و چاودێرانی سیاسی بەشێک لەو تایبەتمەندییە بۆ ئەوە دەگەرێننەوە هێشتا لە مانگی موحەڕەمدان کە لای شیعەکان مانگێکی زۆر پیرۆزە و پێشبینی دەکرێ دوای تەواوبونی مانگەکە توندوتیژییەکانیش زیاتر پەرە بستێنن.