لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەرێگەی نامەیەک داوادەکات ئیدارەی ئەمریکا هەڵوێستی هەبێت و دەستوەردان بکات لە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق ناویەتی.
هەردوو سیناتۆر جیم ریچ کە کۆمارییە و لە بازنەی ئیداهۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە لەگەڵ بۆب مێندێز کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوا دەکەن ئیدارەی بایدن هەنگاوی هەبێت بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق لە بواری وزەدا بەتایبەت لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.
لە نامەکەدا کە بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نێردراوە ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پیران نەک هۆشداری دەدەن لە لێکەوتەکانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و هەنگاوەکانی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو باس لە کاریگەری ئەو هەنگاو و هێرشانەش دەکەن لەسەر کەشی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری خراپی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لە نامەکەدا هاتووە:” داوا دەکەین بە زووترین کات لە ئاستی باڵادا لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکرێت بۆ سەلامەتی و ئارامی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.” ئاماژە بەوەش دەدەن زیادبوونی هەڕەشەکانی سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کاریگەری خراپی دەبێت لە داهاتوودا، نووسیویانە :” هیواخوازین چارەسەرێک ببینین دڵنیایی تێدابێت بۆ کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەجۆرێک ئەو کارکردنە بەگوێرەی دەستوور و یاساکان بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق ،لەکاتێکدا دەبێت بەدوای چارەسەرێکی مەودا درێژ هەبێت بۆ ئەو پرسە ، ئەو سیناتۆرانە هەروەها داوا دەکەن ئیدارەی ئەمریکا کە سەردان و کۆبوونەوەی کازمی و بایدن لە سعودیە بکەنە بەڵگە و دەرفەتی گەورەی چارەسەری ئەو پرسە لەکاتێکدا گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەردەوامە.
نامەکەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پیران کۆمەڵێک خاڵ و بڕگەی دیکەش لە خۆدەگرێت و تێیدا هاتووە:” ئێمە نیگەرانین لە بەردەوامی ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکان کە هۆکارێکی سەرەکی گەشەکردنی عێراقە، هەروەها نیگەرانیشین لەو زانیارییانەی پێمانگەیشتوون لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عێراق کە لە دژی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، جگە لەوەش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق.”
هەر لەو نامەیەدا هاتووە:” داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستی باڵا گفتوگۆ بکات بۆ بەردەوامی کارکردن لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کە هۆکارێکی سەرەکی بووژانەوە و پەرەپێدانی عێراقە، عێراقیش لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و کارکردن لەو کەرتەدا، لەکاتێکدا ئاژانسی پەرەپێدانی دارایی و هەماهەنگی ئەمریکا نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری بە قەرز داوەتە ئەو کۆمپانیایانە بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان.”
لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پیران دەڵێن :”نیگەرانین لەوەی وەزارەتی نەوت دەیەوێت بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات دژی کۆمپانیاکانی ئەمریکا کە کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، جگە لەوەش ئەو هێرش و هەڕەشانەی دەکرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر وەبەرهێنان و کەشی وەبەرهێنان لە عێراق و کاری کۆمپانیاکان دەبێت ، وادەردەکەوێت کە ئەو گرووپانە بە پشتیوانی ئێران هەوڵ دەدەن گوشار لەسەر کەرتی نەوت و گاز دروست بکەن، ئێمە نیگەرانی ئەو قەرزەین کە دراوەتە ئەو کۆمپانیایانە و بە بڕیاریش هەوڵی رێگری کردن لە کاری ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت .
هەر لەو نامەیەدا هاتووە:’ رێککەوتنەکانی ئەم دواییە لە نێوان عێراق، سعودیە بۆ ناردنی کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق کە لەکاتی سەردانی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیێنرا، ئاماژەی ئەرێنی بوون، هەرچەندە دەبێت کاری زیاتر بکرێت بۆ سوودی خەڵکی عێراق .
لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە:” داوا دەکەین لە ئاستی باڵا گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حکومەت بکرێت بۆ دڵنیایی لە کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە هۆکارێکی بووژانەوەی دۆخی عێراقن بە گوێرەی دەستوور و یاسا و چارەسەرێکی مەودا درێژ بۆ ئەو ناکۆکییانە.”
ئەو نامەیە دوای چەند هەنگاوێکی عێراق دێت بەرامبەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئەوەی دووپات کردووەتەوە هەنگاوەکان لەژێر گوشاری سیاسیدا دەنرێن و بڕیارەکانیش هەر رەنگی سیاسیان پێوەدیارە، سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە لەسەر پرسی نەوت و گاز.