نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت: دامودەزگە حکوومیەکان لە شنگال چۆلکراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شنگال بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بەھۆی نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە رۆژانە بە دەیان کەسی خراپەکار و گروپی چەکدار بەو سنوورەدا ھاتووچۆ دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی ئەو شارە رۆژبەڕۆژ خراپتر ببێت و ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە لە ترسان جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببنەوە.

ڕۆژی ھەینی، ٩- ١٠- ٢٠٢٠، شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کۆ بووەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، بەڵام حکوومەتی عێراق رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد، ھەر ئەوەش وای کرد کە بارودۆخی شنگال ئاسایی نەبێتەوە و رۆژبەڕۆژ ژمارەی گروپە چەکدارەکان لەو شارە زیاتر ببن، بۆیە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال زیانی گەورەی لە ئێزدییەکان داوە، چونکە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە دۆخەکە ئارام بێتەوە و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” شنگال دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠، لەگەڵ ھاتنی داعش بارودۆخی شنگال بە تەواوەتی تێکچوو، دوای رزگارکردنی شارەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە خەڵکێکی زۆر گەڕایەوە، بەڵام دوای ھاتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی، ئەو خەڵکەی گەڕابوونەوە ھەموو ئاوارە بوون و ئێستا ٧٠% خەڵکی ئێمە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، دامودەزگا حکوومییەکان لە ناوچەکە نەماون، ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبایە خەڵک دەگەڕایەوە، بەڵام تا ئەو گروپە چەکدارانە لە شنگال بن، بارودۆخی ئەو ناوچانە رۆژبەرۆژ تێک دەچێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەو خەڵکە و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکەیە بە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠، ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپتر دەبێت.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەشڵێ:” ژمارەی چەکدارانی بیانی، کە خەڵکی شنگال نین، رۆژبەرۆژ لە ناوچەکە زیاتر دەبن، ئەوەش بەھۆی کرانەوەی سنووری سووریایە لەگەڵ شنگال کە زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر شنگال ھاوسنوورە لەگەڵ ئەو وڵاتە، خەڵکێکی زۆری چەکدار و کەسی دیکە بەو سنوورەدا ھاتووچۆ دەکەن، بێ ئەوەی لێ پرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوەش بارودۆخی شارەکەی بە تەواوەتی تێکداوە، ئەوەش ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێزی پیشمەرگە لەو ناوچانە نییە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، روونیشیکردەوە:” ژیان و گوزەرانی ئاوارەکانی سەردەشت کە دەکەونە سەر چیای شنگال زۆر خراپە، ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی ناوچەکەن و تەنھا چەند کیلۆمەترێک لە ناوچەکانی خۆیانەوە دوورن کەچی ناتوانن لەبەر پەکەکە و گروپە چەکدارەکان بگەڕێنەوە و لە ئاوارەیدا دەژین، ئەوەش وای کردووە کە ژیانیان زەحمەت بێت و دەستیان بە ھەموو شتێک نەگات”.

ھەواڵی زیاتر