پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، گەنجێکیان بە تۆمەتی رفاندنی کچێک لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، دەستگیر کردووە.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کوڕێکی تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی کچێکی تەمەن 20 ساڵی رفاندووە و بۆ هەولێری هێناوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەمان کرد، کە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، توانیمان ئەو کەسە دەستگیر بکەین و کچەکەش رادەستی کەسوکاری بکەینەوە.
گوتیشی: تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێکار و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی تۆکمە لەنێوان پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
هۆگر عەزیز، راشیگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە 130 تۆمەتباری دەستگیرکردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای و ئیدارە سەربەخۆکانی کردونەتەوە، کە لەو شوێنانە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە.