بەناوی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سوپاس و پێزانیمان ئاراستەی سەرۆک و سکرتێر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزب و لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و، کەسایەتی و سیاسەتمەدار و حزبە تێکۆشەرەکانی ھەرچوار پارچەی کورستان و، ھەروەھا سوپاسی نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و، ناوەند و دامەزراوە زانستی و میدیاییەکان و کەسایەتیە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیەکان و نوێنەرانی پێکھاتەکان و خەڵکی بەئەمەکی کوردستان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لەبیرەوەری(١٦ـی ئاب)، حەفتاو شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان بە پەیام و پیرۆزباییەکانیان بەشداربوون لە بەرزڕاگرتنی ئەم یادە پیرۆزەدا.
پەیامەکانتان بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئۆڕگانەکانی دیکەی پارتیمان لەم بیرەوەرییە شکۆدارەدا، کە ھەڵگری گیانی برایەتی و ھاوخەباتی بوون، مایەی سوپاسگوزاریی و پێزانینی زۆرمانە، ئومێدەوارین بە هەموو لایەك، بە یەكگوتار و ئیرادەی سیاسیی هاوبەش تواناكانمان یەكبخەین بۆ زیاتر بەهێزكردنی یەكڕیزیی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواكانمان و زیاتر چەسپاندنی دیموکراسی و پێکەوەژیان و فەراھەمکردنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا.
ھاوکات دەستخۆشی و سوپاسی گەرم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کادیر و ڕاگەیاندنکار و ئەندام و دۆست و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان و سەرجەم ئۆرگانەکان دەکەین، کە بەرپرسیارانە و سەربەرزانە یادی حزبەکەیان، بە چالاکی جۆراوجۆر و بەتایبەتی لە رێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە شکۆدار و پیرۆزترکرد.
جارێكی دیكە سوپاسگوزاریمان رادەگەیەنین و، هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی ئابی ٢٠٢٢