چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سوپای عێراق پێگەکانی داعش لە چیای حەمرین بۆردومان دەکات

فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق پێگه‌كانی داعشیان له‌ چیای حەمرین بۆردومان کرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد‌، ئەمڕۆ شەممە 20/8/2022، حەشارگەکانی چەکدارانی داعش، لە ئەشکەوتەکانی زنجیرە چیای حەمرین لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی ئاسمانی عێراق بۆردومان كراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێرشە ئاسمانییەكە بۆ پشتیوانی هێزی پیادەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بووە و ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین، بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی عێراق، چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان و چەندین ناوچەی عێراق بەردەوامن لە پەلامار و کردەوە تیرۆرستییەکان، لە زۆربەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیشدا وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە، رێککەوتن و هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، کە بووەتە هۆی مانەوەی داعش لەو ناوچانە.