هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاردەبێت

 

كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، لەم مانگەدا هیکس جونیەر، کونسوڵی گشتی نوێی کونسوڵخانەکە دەستبەکاردەبێت.

بە گوێرەی راگەیاندراوێكی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر، لە مانگی ئابی 2022، ئێرڤن هیکس جونیەر پەیوەندی دەکات بە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر.

لە راگەیندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دوای تەواوکردنی راژەکەی وەك راوێژکاری باڵا لە نووسینگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کاروباری مادەی هۆشبەر و چەسپاندنی یاسا، دانوستانکاری سەرەکی لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاساییش و رێکەوتن، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ هێزی ‌هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقیا، هیکس جونیەر پەیوەندی دەکات بە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر.

پرۆفایلی هیکس جونیەر، کونسوڵی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر:

کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، لە ساڵانی رابردوودا وەك نەوەی دووەمی ئەندامانی پیشەیی راژەی باڵای جێبەجێکردن (لقی جێبەجێکار لە کەرتی حکومی) جێگری باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە لە (نوکاشۆت)ی پایتەختی مۆریتانیا و لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکاش لە ئۆفیسی سیاسەتی بەڕێوەبردن کاریکردووە و هەروەها راوێژکاری باڵا بووە بۆ کاروباری ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری و نوێکاریی و بەڕێوەبردن بە شێوەیەکی جوڵاو و لە رێیەوە پشتیوانی ئەو نێردە دیپلۆماسیانەی ئەمەریکای لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا کردووە کە بەشداربوون لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ئیبۆلا.

هیکس جونیەر پێش ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بکات، لە ژمارەیەك ئاژانسی ناحکومی کاریکردووە لەوانە: پەیمانگەی ئەمەریکی ئەفریقی، کارسازانی نێودەوڵەتی و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی تایبەت بە سەرکردایەتیکردن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و باشوری ئەفریقا. هەرەوەها وەک بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای جێنەڕەڵ مۆتۆرز لە بەشی کاروباری کۆمپانیاکە لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریکردووە.

کارەکانی دیکەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەم وڵاتانەی لە خۆگرتووە: گینیا، نایجیریا، بەڕازیل، گابۆن، سێریالیۆن، مۆریس و بەروندی.

ئێرڤن هیکس جونیەر بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانکۆی جۆرج واشنتن بەدەستهێناوە کە تێیدا لە کاروباری نێودەوڵەتی و توێژینەوەی ئەفریقی پسپۆڕیی وردی وەرگرتووە و ماستەری هەیە لە یاسا و دیپلۆماسی لە سکوڵی فلێچەر بۆ یاسا و دیپلۆماسی لە زانکۆی تەفتس و هەروەها ماستەری هەیە لە توێژینەوەکانی ئاساییشی نەتەوەیی لە کۆلێژی سەربازیی دەریایی لە نیوپۆڕت لە ویلایەتی رۆد ئایلەند.

كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، جونیەر هیکس زمانی فەڕەنسی زۆر بە باشی دەزانێت و هەروەها پرتوگالی و ئەڵمانی و عەرەبی و چینی و ئەمهاریکی (زمانێکی سامی ئەسیوپییە) خوێندووە.

هیکس یەکەم وەرگری (خەڵاتی ئێدوارد جەی پێرکینز)ـە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 دایمەزراندووە و دەدرێت بەو کەسانەی لە پێگەی باڵادا لە بواری هەمەڕەنگی و بەشداریپێکردنی هەموواندا کاردەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هیکس دوو خەڵاتی مۆرەتۆریەسی پلە بەرزکردنەوە و دوو خەڵاتی ئایکاسی وەزارەتی درەوەی بۆ سەرکردایەتیکردنی باڵا و ژمارەیەک خەڵاتی مۆرەتۆریەسی دیکەشی وەرگرتووە.

هیکس لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا خەڵاتی مۆرەتۆریەسی بۆ خزمەتی مەدەنی لە ئۆفیسی کۆمەڵەی سەرۆك ئەرکانەکان و خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ خزمەتی مەدەنی وەرگرتووە.