دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایدەگەیەنێت هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەمڕۆ دەکەین و شوێنمان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین کردووە کە بەهۆی لافاوەوە بێ جێگە بوونە.
ئەمڕۆ شەممە ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەرپرسی گەیاندنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە دەستپێکی بانگەوازی خەڵک بۆ بە هاناچوونیان تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەهانای هاووڵاتییانەوە چوون لە شوێنە جیاجیاکاندا.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز گوتی: لە گەڕەکانی هەولێر بەتایبەت گوندی کۆری و گرد جووتیار ماڵ بە ماڵ گەڕاوین، هەر ماڵێک پێویستی بە هاوکاری بووبێ لەلایەن تیمەکانمان هاوکاری کراوە، هەروەها هەر کەسێک پێویستی بە گواستنەوە بووبێ گواستراوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی داوای کردووە، وێڕای ئەمانەش شوێنێمان بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە کە بەهۆی لافاوەوە بێ جێگە بوونە، هەر کەسێک شوێنی نەبووبێت بردراوە بۆ ئەو شوێنە.
گوتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوو تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پارێزگای هەولێر سەردانی ئەو ماڵانە دەکەن کە زیانلێکەوتووی لافاوەکەن زیانەکان دەخەمڵێنن و هاوکارییان دەکرێت.