چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی: ئه‌مساڵ به ‌دوو به‌شی زانستی پزیشكی پێشوازی له ‌قوتابیان ده‌كه‌ین

زانكۆی به‌یان یه‌كێكه‌ له‌زانكۆ تایبه‌تیه‌كان، كه‌ له‌چه‌ندین كۆلێژ و به‌شی گرنگ پێكهاتووه‌، بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌و زانكۆیه‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیم له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی به‌یان كرد:

سه‌ره‌تا له‌باره‌ی زانكۆوه‌ پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی گوتی:” زانكۆی به‌یان یه‌كێكه‌ له‌زانكۆ تایبه‌تیه‌كان له‌ شاری هه‌ولێره‌، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌، باوه‌ڕپێكراوه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌ له‌یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی و یه‌كێتی زانكۆكانی توركی، چه‌ندین ڕێكه‌وتننامه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆكانی تر، به‌رنامه‌ی زۆر چاكی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ زانكۆیه‌كی زۆر باش له‌سه‌ر ئاستی شاری هه‌ولێر .”
سه‌باره‌ت به‌پێكهاته‌ی كۆلێژو به‌شه‌كان به‌ڕێزیان ئاماژه‌یان دا:” ئه‌م زانكۆیه‌ له‌چه‌ند كۆلێژێك پێكهاتووه‌ له‌وانه‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری و زانست و كۆلێژی په‌روه‌رده‌ و كۆلێژی زانسته‌ سیاسیه‌كان، كۆلێژی ئه‌ندازیاری و زانست له‌به‌شه‌كانی ئه‌ندازیاری بیناسازی و ئه‌ندزیاری شارستانی به‌شی كۆمپیوته‌رو ته‌كنه‌لۆژیای زانیاریه‌، هه‌روه‌ها له‌ئاینده‌یه‌كی نزیك دوو به‌شی تری تێدا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌ویش به‌شی شیكاری نه‌خۆشیه‌كان و به‌شی مایكرۆبایلۆجی پزیشكی،حه‌وت تاقیگه‌ی كیمیا و بایلۆژی و هه‌موو پێداویستیه‌كانی ئاماده‌كراوه‌ بۆ قوتابیه‌ ئازیزه‌كان، كۆلێژێكی ترمان هه‌یه‌ ئه‌ویش كۆلێژی زانسته‌ سیاسیه‌كانه‌، ئه‌ویش دووبه‌شه‌ به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌شی یاسا، هه‌روه‌ها كۆلێژی به‌رێوه‌بردن و ئابوری له‌به‌شه‌كانی ژمێریاری و كارگێڕی كارو هه‌روه‌ها به‌شی دارایی و بانك پێك هاتووه‌، كۆلێژی په‌روه‌رده‌ له‌به‌شی زمانی ئینگلیزی پێكهاتووه‌، به‌ڵام ساڵی داهاتوو كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێك دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستای لێهاتوو دروست بكات بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان.”
سه‌باره‌ت به‌كرێی خوێندن د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی ده‌ڵێ:” له‌زانكۆی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ تایبه‌تیه‌كان كه‌مترین كرێی خوێندنی وه‌رده‌گرێت، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاری داشكانی سه‌دا بیست و پێنج بوو، به‌ڵام ساڵیڕابردوو سه‌دا چل داشكانمان كرد له‌به‌شێكی زانستی سه‌دا په‌نجا داشكانمان كرد، داشكاندن هه‌یه‌ بۆ منداڵانی شه‌هیدان، چونكه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ڕێكه‌وتن كراوه‌، شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌ین ئاسانكاری زۆر كراوه‌ بۆ كرێی خوێندن، چونكه‌ قوتابیان به‌پێنچ قیست كرێی خوێندن ده‌ده‌ن .”
تایبه‌ت به‌ كه‌مپه‌سی نوێی زانكۆ پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی ده‌ڵێ:” له‌به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ كه‌مپی زانكۆ دروست بكه‌ین له‌ڕێگای هه‌ولێر كه‌ركوك، به‌ڵام باڵه‌خانه‌ی ئێستا شوێنێكی زۆر ستراتیجیه‌ كه‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جووت سایدی به‌حركه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قامی گوڵان یه‌كده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا زۆر ستراتیجیه‌ ده‌سته‌ ڕاستی له‌سه‌ر شه‌قامی چل مه‌تریه‌، له‌ولاشه‌وه‌ سه‌دو بیست مه‌تری زۆر نزیكه‌، له‌ولاشه‌وه‌ شه‌قامی شه‌ست مه‌تریه‌، واته‌ شوێنه‌كه‌ی زۆر ستراتیجیه‌.”
پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی باسی له‌پلان و به‌رنارمه‌كانی زانكۆ كردو ده‌ڵێ:” ئێمه‌ پلانێكمان داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌گه‌ر بكرێ خوێندنی ئێواران زیندو بكرێته‌وه‌ له‌زانكۆ تایبه‌تیه‌كان، به‌تایبه‌تی زانكۆی ئێمه‌، چونكه‌ چه‌ندین قوتابی هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێ درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕێگربین تا قوتابیان نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ناوه‌وه‌ی وڵات بخوێنن، چونكه‌ ئه‌و زانكۆیانه‌ی له‌ده‌وروبه‌ری هه‌رێمن ئاستی زانستیان وه‌كو پێویست نییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ ده‌وامی فه‌رمیان هه‌یه‌ بتوانن له‌زانكۆكانی ناوه‌وه‌ بخوێنن و دووباره‌ ده‌ست به‌خوێندنی ئێواران بكه‌نه‌وه‌ له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بێت.”
تایبه‌ت به‌سیسته‌می خوێندن پڕۆفیسۆر د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی گوتی:”سیسته‌می خوێندنی ئێمه‌ سیسته‌می بۆڵۆنیایه‌ كه‌وا سیسته‌می تازه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایه‌، كه‌ قوتابی وه‌كو سه‌نته‌رێكی زانستی به‌شداری له‌پرۆسه‌ی خوێندن ده‌كات، قوتابیانمان خۆشحاڵن كه‌ ده‌ستمان به‌و سیسته‌مه‌ كردوه‌، سیسته‌می بۆڵۆنیا زیاتر توانای قوتابی ده‌رده‌خات، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ پڕۆسه‌یه‌كی گرنگه‌، رێگا نادات ته‌نها مامۆستا ببێته‌ سه‌نته‌ری زانست، به‌ڵكو قوتابی به‌شداره‌ له‌پڕۆسه‌ی خوێندن و مه‌عریفه‌ .”