پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سایلۆی هه‌ولێر چه‌كی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران دابه‌شده‌كات

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی ئاگاداری ئه‌و جوتیارانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گه‌نمیان راده‌ستی سایلۆی هه‌ولێر كردووه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ (17ی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، سه‌ردانی سایلۆ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چه‌كی 2022.

له‌ ئاگادارینامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و جوتیارانه‌ی ژماره‌ی چه‌كه‌كانیان له‌ (1427) ده‌ستپێده‌كات تاكو ژماره‌ (1631)، ده‌توانن له‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌ چه‌كی پاره‌‌كانیان له‌ سایلۆی هه‌ولێر وه‌ربگرن.

دوای درووستكردنی ژماره‌یه‌ك سایلۆی مۆدێرن له‌ لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مساڵ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌زاران تۆن دانه‌وێڵه‌یان له‌ جوتیاران وه‌رگرتووه‌.

له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی سایلۆی گه‌رمیاندا، كه‌ رۆژی (7ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2021) به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی بایه‌خی كردنه‌وه‌ی سایلۆكانه‌وه‌ وتی: پڕۆژه‌ی درووستكردنی سایلۆكان به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژی حكومه‌ت بۆ درووستكردنی ژێرخانی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ‌ ئاسایشی خۆراكی هه‌رێم دابین ده‌كات، ده‌بێته‌ ژێر خان بۆ پێشكه‌وتنی كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كشتوكاڵ پێشبكه‌وێت پیشه‌سازی و بازرگانیش ده‌بووژێته‌وه‌ و ستراتیژی حكومه‌ت بنیاتنانی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و فره‌چه‌شن كردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌.