نووسەرێكی كورد وێژەخەڵاتێكی گەورەی ئەڵمانیا دەباتەوە

ئەمینە سەڤگی ئۆزدەمار، نووسەر و ئەكتەری بەناوبانگی ئەڵمانیا و توركیا، كە بەڕەگەز كوردە، توانی خەڵاتی (Georg Buchner)ی ئەدەبی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت، كە بەهای خەڵاتەكە پەنجاهەزار یۆرۆیە و گەورەترین وێژەخەڵاتی ئەڵمانیایە.

ئەمینە، لە ساڵی 1965ـەوە چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ گیرساوەتەوە، بەڵام خۆی لەناو دنیای ئەدەبیاتدا دەبینێتەوە و چەندین رۆمان بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت و هەروەها وەكو ئەكتەریش رۆڵی لە چەندین شانۆگەریدا بینیوە.
ئەكادیمیای زمان و شیعری ئەڵمانیا، كە ئەمینەی هەڵبژاردووە بۆ ئەو خەڵاتە گەورەیەی ئەدەب، ئاماژەی داوە كە ئەوان قەرزاری نووسینەكانی ئەمینەن، چونكە بە زمانی ئەڵمانی و زمانێكی شیعری و بابەتی تازە بەردەوامە لە نووسین، بۆیە ئەو خەڵاتەیان بە شایان زانیوە بۆ ئەو.
ئەمینە، تەمەنی 75 ساڵانە و لە مالاتیای باكووری كوردستاندا لەدایك بووە، بەڵام لە ئیستانبۆڵ و بۆرسادا ژیاوە و لە 1965یشەوە چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ لە گارگەیەكدا وەكو كرێكار كاری كردووە و پاشان لە دنیای رۆماندا خۆی بینیوەتەوە.
بڕیارە خەڵاتەكە لە 5_11_2022 لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بدرێتە ئەمینە.

ھەواڵی زیاتر