چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حەمەسەعید مستەفا: زیاتر حەز دەكەم لە بواری شانۆدا كار بكەم، نەک دراما

هونەرمەند حەمەسەعید مستەفا رایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردنی ساڵانێكی زۆر لە بواری هونەردا توانیویەتی خۆشەویستی خەڵك بۆ خۆی بەدەست بهێنێت كە ئەوەش سەرمایەیەكی گەورەیە و زیاتریش پێی خۆشە لە بواری شانۆدا كار بكات.

هونەرمەندی توانای نواندن، حەمەسەعید مستەفا بە (هەولێر)ی راگەیاند، وەك حەزی سەرەكی خۆی پێی خۆشە لە بواری شانۆدا كار بكات، چونكە زیندوێتی زیاتری تێدایە، بەڵام دوو تا سێ كاری سینەمایشی هەیە و دەڵێت “هونەر خۆشەویستی خەڵك و بەرپرسیارێتی پێشكەش كردووم”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر سەرسامە بە سینەمای ئەمەریكا (هۆلیۆد)، چونكە كارەكانیان زۆر پڕۆفیشناڵن، بۆ فیلمیش وڵاتی میسر یەكێكە لە وڵاتە زۆر پێشكەوتووەكان، چونكە لە حەفتا و هەشتاكان كاری زۆر جوانیان هەبوو.
ئەم هونەرمەندە ساڵانێكی زۆرە كاری هونەری نواندن دەكات و جیاوازییە هونەرییەكانی بۆ دوو جۆر دابەشكرد و وتی “بە تێڕوانینی خۆم ساڵانی پێشتر هونەرمەندان دڵسۆزانەتر بەرەو كارەكانیان دەچوون و كاری جوانتر دەكران و ئیشەكانیش جددیتر بوون و زۆربەی كات خۆبەخشانە بوون، بەڵام ئێستا دۆخی ژیان وایكردووە ئێمە و گەنجەكانیش ناچارین بیر لە لایەنی ماددی بكەینەوە، چونكە كەسمان بە پارەی هونەر ناژین، بگرە زۆرجار لە گیرفانی خۆمان قوربانیمان داوە، بەڵام لەڕووی تەكنیكەوە ئێستا تەكنیك زۆر باش و پێشكەوتووترە”.
حەمەسەعید مستەفا ئەمساڵ لەزنجیرە درامای (سەمەرە) بەشداریكرد و رۆڵی (مامۆستا حەسەن)ی بەرجەستە دەكرد كە رۆڵێكی ئاشتەوایی و پاكێتی بووە لە نێو دراماكەدا، دراماكەش لەلایەن ناوەندی هونەری زەنێ بەرهەمهێنرا و لە كەناڵی كوردسات پەخشكرا و دەنگدانەوەی باشی لێكەوتەوە.
ناوبراو وتی “من تا ئێستا لە سێ كاردا لەگەڵ زەنێ بەشدار بوومە؛ (یوسف ناگەڕێتەوە، ئاسەوار، سەمەرە) دەتوانم بڵێم كارەكانیان زۆر باش و پڕۆفیشناڵانەیە و ئەگەر چەند ناوەندێكی لەو شێوەیە هەبێت، ئاستی بەرهەمهێنانی درامای كوردی بە باشی پێش دەكەوێت”.