پارتی و قۆناغی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی —نە‌تە‌وە‌یی

عەبدولوەهاب تاڵەبانی

هەر لە سەرەتای دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە دەکاتە هەفتاو شەش ساڵ بەر لە ئێستا و وەکوو حزبێکی نەتەوەیی دێمۆکرات لە گشت کۆنگرەکانیدا ئەوەی ڕاگەیاندوە کە ئەم حزبە لە قۆناخی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی – نەتەوەییدا نوێنەرایەتی و ڕابەرایەتیی گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکا بە هەموو چین و توێژەکانیەوە “بۆرجوازیی نیشتمانی، جوتیاران، کرێکاران، کاسبکاران و قوتابیان …” چونکە لەم قۆناخەدا و بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان بە مافی چارەنووسیشەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی- نەتەوەیی کورد پێویستی بە خەباتی هەمە لایەنەی گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەکارهێنانی هەموو تواناکانیان هەیە .
لە کۆمەڵگایەکی وەکو کوردستانیشدا کە هێشتا بە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی و عەشایەری دەناسرێ، دەبێ هەموو توێژەکان هان بدرێن و بجووڵێنرێن و ڕۆڵی دیاریان لە تابلۆ و چوارچێوەی شۆڕش و خەباتی سیاسیدا هەبێ. پارتیش هەروای کردووە، بۆیە هەمیشە براوە بووە، گۆڕانە ڕیشەییەکانیش لە ژیان و گوزەرانی نەتەوەدا هەر لەم ڕێیەوە سەر هەڵدەگرن، نەک هەر ڕۆژێک ڕەنگ وهەر ڕۆژە فەلسەفەیەک دواییش سفر بە دەست.
بێگومان ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵتر و زانستیانەتر هەیە، وبە تارێک لێرەدا دەرەقەتی نایەین.
سەرکردایەتیی لێهاتوو بە ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پشت بەستنی بە هێزوئیرادەی جەماوەری خەڵکی کوردستان، بێ ئەوەی ببێتە ئاستەنگ لەسەر ڕێگای هیچ لایەنێکی سیاسیی تری کوردی، وەکو حزبێکی نەتەوەیی چالاکانە و نەترسانە و چاوکراوانە بە عەقڵێکی کراوەوە ئەسپی خۆی بەرەو ئاسۆی هینانەدیی ئامانجە نەتەوەییەکان تاو داوە، لە پرسە گەورەکانیشدا پرسی بە هەموو لایەنەکان کردووە گفتوگۆی لەگەڵ کردوون و ئەرکی نەتەوەیی خۆی جێبەجێ کردوە و ڕابەرایەتیی خەباتی شۆڕشگێڕانە و سیاسیی خەڵکی کوردستانی کردوە و باش لە پێداویستییەکانی ئەو خەباتە گەیشتوە .
راستە لەم گوزارەیدا و لە هەندێ وێستگەی زۆر ناهەمواردا تووشی نوشوستیش بووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و، درێژەی بە خەباتی چەکداری و سیاسیی خۆی داوە بێ ماندووبوون و هەرەسهێنان، گەورەترین شۆڕشی نەتەوەیی لە سەرتاسەری کوردستاندا کە شۆڕسی ئەیلوولی ١٩٦١ بوو بەرپا کرد و، چووە ژێر باری شۆڕشیکی نەبەردانەی چەکدارانە و
هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەورەترین ڕۆڵیان لە پاراستنی کوردستاندا نواند. هەروەها پارتی لە مەیدانی گفتوگۆ و حیواری زۆر سەخت لە گەڵ هەموو نەیاراندا بە هەموو چەشنەکانیانەوە، ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبووە بێ ئەوەی دەستبەرداری هیچ لە مافە کانی گەلێ کوردستان ببێ. هەر پارتیش بوو کە بە ڕابەرایەتی سەرۆکی نەمری کوردستان مستەفا بارزانی توانیی لە ١١ ی ئازاری ١٩٧٠دا گرنگترین ڕێکەوتننامە بە پێی هاوسەنگە سیاسییە گونجاوەکانی ئەو ڕۆژگارە لەگەڵ ڕژێمی عیراقدا ئیمزا بکا، کە وەکوو دانپیانانێکی یاسایی حکوومەتی عیراق دەمێنێتەوە بە ڕەوایی مافەکانی
نەتەوەی کورد لە عیراقدا.
ئینجا پاش ١٩٩١و، پاش ڕاپەڕین پارتی لە گەڵ هێزە کوردستانیەکانی تردا حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان دامەزراند، پاش ئەوەش وەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە پێی دستوور دان بە دروستکردنی “عیراقی فیدرال” نرا و قەوارەی هەرێمی کوردستانیش دامەزرا.
لەگەڵ دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە پێی دستووری عیراق.. پارتی دیموکراتی کوردستان چووە قۆناخ و دۆخێکی سیای زۆر جیاوازەوە، هاوسەنگەکان بە تەواوی گۆڕان، پەرلەمان، دەستەڵاتی جێبەجێکردن و، دەستەڵاتی قەزایی دامەزراند. سروشتی شۆڕشی کوردستان لە خەباتی چیاو مەفرەزەوە پارتیزانیەوە بوو بە فۆرمێکی هەر زۆر جیاواز لە ڕووی سەواکردن لە گەڵ
داخوازییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، بەڕێوەبردن و ڕاپەراندن و ئابووری و حوکمڕانیەوە…!
بەڵام ئەوی نەگۆڕا وتا ئەم چرکەیەش بوونی لە هزری پارتیدا هەیە، ناوەرۆکەکانی قۆناخی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی – نەتەوەییە ، کە سەرەڕای ئەو کارەسات و ناسۆرانەی بە سەر کوردستاندا هات پارتی هەمیشە پێداگربوە لە داکۆکیکردن لە مافە دستوورییەکانی کوردستان و توانیویەتی بە شێوەیەکی کردەیی بەرەنگاری هەموو پیلانەکان ببێتەوە، هێشتا و لەبەر تارمایی ئەو هەموو پیلانانەی لێرەو لەوێ دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پارتی دەهۆنرێنەوە هێشتا پێداویستیەکانی بە ئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناخە دەبێ لەپێش چاو بن، ئەو قۆناخە تەنها لەو کاتەدا دەگاتە ئەنجام کە تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان، ڕەها و بێ کەم و زیاد، هاتبێتنە دەست. بەو واتایەی کە شۆڕش بە مانا فراوانەکەی هێشتا بەردەوامە و، کلیلی تێپەڕاندنی قۆناخی ڕگاریخوازی نیشتمانی – نەتەوەییمان وا بەدەست خەڵکی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی و پارتی وەکو دەسەڵاتی یەکەمی هەڵبژێڕاوی خەڵک و سەرۆک مەسعود بارزانیەوەیە .

ھەواڵی زیاتر