عومەری كەریم ئاغا هونەرمەند و ئەكتەری دیاری شانۆی كوردی لەم چاوپێكەوتنەی “هەولێر”دا دەڵێت: “زۆرم پێ بوغزە واز لەكاری هونەری بهێنم؛ وتیشی: “تا مردن بەدەوام دەبم لە كاری هونەری”.
هەولێر: ئێستا تەندروستیت چۆنە؟ وا بزانم ماوەیەک نەخۆش کەوتبوویت؟
عومەری كەریم ئاغا: نزیكەی سێ ساڵێک لەمەوبەر دۆخی تەندروستیم زۆر خراپ بوو، بە هۆی هەڵاوسانی شادەماری دڵمەوە، ئەگەر نەشتەرگەریم بۆ نەكرایە دەمارەكە دەتەقی و دەیكوشتم؛ بەڵام ئێستا زۆر باشم پزیشكەكان پێیان گوتووم دەست نەدەمە شتی قورس و ڕۆژانە بە پێ بگەڕێم”.
هەولێر: وازت لە كاری هونەری هێناوە یان نا؟
عومەری كەریم ئاغا: زۆر لام بوغزە كەسێك پێم بڵێت وازت لە كاری هونەری هێناوە یان نا، وازهێنان نیە لای من، تا لە ژیاندا بم بەردەوام دەبم لە كاری هونەری. نوێترین كاریشم بەشداری بووە لە زنجیرەدرامای تازەباو لە كەناڵی كوردسات؛ من تا دوا هەناسەم لە خزمەتی هونەری كوردیدا دەبم.
هەولێر: بۆچی وازت لە بەرنامەی بەرنامە هێنا؟
عومەری كەریم ئاغا: وازم لە بەرنامەی بەرنامە نەهێنا؛ هەموو شێك تەمەنی خۆی هەیە، هونەر بێت یان ئەدەب، ئەو كارانەی ئەوكات لە بەرنامەی بەرنامە پێشكەش دەكرا تایبەت بوون بەو كاتە، لەگەڵ ئەوەشدا وردەوردە بەرنامەی بەرنامە پێزی نەما، هەر بەو هۆیەوە مەبەستمان بوو لە ئاستێكدا بەرنامەی بەرنامە بوەستێت، تا بەدڵی خەڵك بێت و بیری بكات، ئەگەر بەرنامە بەرنامە هەر بەردەوام بوایە ئەوەشی كردبوومان و بەدڵی خەڵك بوو، بینەر لێی دەتۆرا و چێژەی ئێستای نەدەما”.
هەولێر: لەلایەنی مادەیەوە تا چەند لە هونەر سوودمەند بوویتە؟
عومەری كەریم ئاغا: من پارەم بەخشیوە بە هونەر نەک هونەر پارەی بە من بەخشیبێت، سی ساڵ خزمەتم هەیە بەردەوام چاوم لە دەست و بازووی خۆم بووە؛ ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستم لە كەس پان نەكردۆتەوە، هونەر تەنیا رێزی پێ بەخشیوم، ئێستا كەسانێك بەهۆی كارە هونەریەكانمەوە رێزم لێ دەگرن و بە دوامدا دەگەڕێن كاتێك نەخۆش كەوتووم هەموو شاری سلێمانی بە پەرۆش بوون بۆم.
هەولێر: دەڵێن دەنگت زۆر خۆشە و ماوەیەكش هەوڵت داوە ببیت بە گۆرانیبێژ؟
عومەری كەریم ئاغا: بۆ خۆشی لە هەندێك كۆڕ و كۆبوونەوەدا جاروبار گۆرانیم وتووە. پێش شانۆش زۆر ئارەزووی مۆسیقام دەكرد، بەتایبە ئامێری ساز و شمشاڵ، بەڵام بۆم نەڕەخسا ببمە مۆسیقی، ئارەزووشم نەبوو ببم بە گۆرانیبێژ، بۆ دەنگخۆشییش ئەوە خەڵك بڕیار دەدا.
هەولێر: لە فرۆشتنی كەلوپەلی دووكانەكەدا دەڵێن تۆزیك گرانجانیت؟
عومەری كەریم ئاغا: دەتوانم بڵێم پێچەوانەكەی ڕاستە، ئەگەر شاگردەكەشم شتێك بە گران بفرۆشێت رێگەم نەداوە، پێم وتووە خەڵكی سلێمانی كەسوكاری تۆن؛ بەردەوام بیرم لەوە كردۆتەوە خزمەتی بەرامبەرەكەم بكەم.
هەولێر : لەگەڵ هاوسەرەكەت نێوانتان چۆنە؟
عومەری كەریم ئاغا: زۆر باشم و زۆرباش خزمەت دەكرێم و ڕێزم لێ دەگرن.
هەولێر : ئەی چەند جار ئاشق بوویتە؟
عومەری كەریم ئاغا: لە گەنجیەتیدا تۆزێك شەرمن بووم بەو هۆیەوە قەت ئاشقبوونی خۆمم دەر نەبڕیوە، بەڵام منیش وەك هەموو كەسێك ئاشق بوومە زیاد لە جارێك، لەبەر شەرمنی دووبارە دەیڵێمەوە ئەوەی لە دڵما بووە بۆم دەرنەبڕداوە.
هەولێر: ئێستا بیری چی هاوڕێیەكت دەكەیت كە لە ژیاندا نەماوە؟
عومەری كەریم ئاغا: بیری ئەو هاوڕێیانەم دەكەم كە لە قوتابخانە و گەڕەك و بازاڕ لەگەڵما بوون، بیری دایكم و سێ براكەم دەكەم كە لە ژیاندا نەماون، بیری برادەرە هونەرمەندەكانم دەكەم وەك عوسمان چێوار پێكەوە هاوڕێی قوتابخانەم بوو، دڵشاد مەریوانی چەندین هاوڕێی دیكە.
هەولێر : لەگەڵ وەرزشدا بەینت چۆنە و هاندەری چ تیپێكیت؟
عومەری كەریم ئاغا: زۆر وەرزش دەكەم، وەختی خۆی تەنانەت جارێكیان بە خۆهەڵواسین چوومە سەرەوەی عەمودی ئاڵاهەڵواسینی قوتابخانەكەم بنباڵم هەڵدڕا بەبێ بەنج بۆیان دوریمەوە ئەو ڕۆژەم قەت بیر ناچێت، زۆر ئارەزووی یاری تۆپی پێ دەكەم تیپێكمان هەبوو ناوی تیپی وەرزشیی بێخود بوو، ئێستاش هاندەری ڕیاڵم.
هەولێر: تۆزیك باسی منداڵییش بكەین لە كوێ لەدایك بوویتە؛ منداڵیت چۆن گوزەراوە؟
عومەری كەریم ئاغا: لە گەڕەكی كارێزی ئەحمەد زەنگەنە لە ساڵی 1944 لەدایك بوومە، پشتی سەرای ئێستا دەكات، شاری سلێمانی ئەوسا زۆر لە ئێستا جیاواز بوو دڵەكان وەك خانوە گڵەكان وابوو بەڵام دڵەكان ئێستا وەك بەرد و بلۆكی خانووەكانی ئێستای لێ هاتووە و گۆڕاوە.
هەولێر: لە ڕووی ئەدەبیەوە شەشەم بەرگی كەشكۆڵت هەیە هیچ بەرهەمێكی دیكەت بەدەستەوەیە؟
عومەری كەریم ئاغا: دەمەوێت بەرگی حەوتەمی كەشكۆڵ لەچاپ بدەم وەك پێویست ئامادەكاریم بۆ نەكردووە، یادەوەری و شیعر و بەسەرهاتی ژیانی خۆمی تێدایە بە ناوی كەشكۆڵی ئاغا، تایبەتە بە ژیانی خۆم.