كە‌ گوێدان بە‌ محە‌ڕە‌میش نامێنێت !

عومەر چنگیانی

ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەکە لە شاری بەغدا دەگوزەرێت، بێگومان دەیان و بگرە سەدان هۆکاری دروست و نادروستی بۆ هەیە و، لە زۆر جێگای هاوشێوەی ئەوێ بەدوور نییە لە هەر ئانوساتێکدا بتەقێتەوە و ئاشووبی وا دابکەوێت تەڕووشکی پێکەوە بسووتێت و، ئەوکات دەست بە کڵاوی خۆگرتنەوەیش داد نەدات و هەر با بیبات، لێ ئەوەی من لە گۆشەی ئیمڕۆمدا تیشکی دەخەمە سەر لایەنێکی حوکمی شەرعی شەڕ و پێکدادانە لە مانگی محەڕەمدا کە ئێستا ئێمە لەدەیەی یەکەمی سەرەتایداین و دەستپێکی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچییە، کە بە ئەرکی دەزانم تیشک بخەمە سەر مانای دوو ئایەتەی ٣٦و ٣٧ی سوورەتی (بەرائە، تەوبە)، کە دەفەرمێت:
(بەڕاستی ژمارەی مانگەکانی ساڵ بریتین لە دوانزە مانگ: محەڕەم، سەفەر (صفر)، ڕەبیعی یەکەم، ڕەبیعی دووەم، جەمادیی یەکەم، جەمادیی دووەم، ڕەجەب، شەعبان، ڕەمەزان، شەوال، زیلقەعیدە و زیلحیجە؛ لە کتێب و پەیامەکەی خوادا لەو ڕۆژەوە کە ئاسمانەکان و زەوینی تێدا ئافراندووە و، چوار لەو دوانزەیە مانگی حەرامن، واتە شەڕ و کوشتار تێایاندا ڕێگاپێدراو نیە محەڕەم و رەجەب و زیلقەعیدە و زیلحیجە ئەمە ئایین و دینی هەڵسەنگێنراو و پەسەندکراوی خوایە و نەکەن تیایاندا ستەم لە خۆتان بکەن، لە هەمان کاتدا ئەوکاتەی بێبڕوایان رێگای کوشتار هەڵدەبژێرن لەگەڵتان و ئەوەیان دەوێت بێ سنوور و بێ سێ و دوو شەڕیان لەگەڵ بکەن، وەک چۆن ئەوان بێ سنوور و بە گشتگیری شەڕتان لەگەڵ دەکەن، دەرەنجامیش ئەوە فەرامۆش نەکەن کە خوا پاڵپشت و پشتیوانی تەقواکارانە* ئەوانەی وا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دەست دەخەنە حورمەتی مانگەکان و حەرامکردنی مانگێک دوا دەخەن تا لەو مانگەی پێیان خۆشە شەڕەکەیان بکەن، ئەوە جۆرێکە لە زێدەکفر و هەقوەشێری، ئەوانەی کە بێبڕوان، خەڵکی پێ گومڕا دەکەن؛ دەچن ساڵێک حەڵاڵی دەکەن و ساڵێک حەرامی دەکەن، بۆئەوەی ژمارەی مانگە حەرامەکان بشێوێنن و ئەوەی خوا حەرامی کردووە بیشەرعێنن و حەڵاڵی بکەن، بە ڕاستی
کاری بەدیان لە بەرچاو جوان کراوە و ئەڵڵا ڕێنمایی کەسانێک ناکات کە بێبڕوا بن). وشەی (النسيء)نەسیء کە لە توێی ئایەتی دووەمدا هاتووە، ئەو بەرژەوەندی خۆ ڕەچاوکردنەی بێبڕوایانە، کە دەچوون شەڕکردن و پەلاماریان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکرد و، دەیانگوت: ئەم مانگەی کە حەرامە، حەرامەکەی دوا دەخەین و لە مانگێکی تردا
قەرەبووی دەکەینەوە!
جا وەک بە ناونیشانی گوڵخەرمانەکەمدا دیارە و هێمایە بۆی، دیارە کە دەسەڵات و بۆ دەسەڵاتی سیاسی بەدەست هێنان کارکردن لە ژوور (نەهی و نابێ و ڕێگرییە) کانی شەرعەوە بوو، با قورئانیش زۆر ڕاشکاوانە و بە ڕوونی حوکمەکانی بەدیار خستبێت، وەک دەبینین لای ئەوانە، هیچ کاریگەرییەکی نییە و جێبەجێکردنی فەرمانی بە ناو سەرچاوەیەکی ڕۆحانی یان سیاسییەکی ژێر عەباو مەندیل خۆحەشارداو، دەخرێتە پێش ئاوڕدانەوە لە کەلامی خواوە کە قورئان بێ، هەربۆیە وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ هەموو لایەک دەڵێم: مەروانی کوڕی محەمەد کە نازناوی (حمار) کەری هەبوو، وەک کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئومەوی، کە مەترسی کۆدەتاکردن بەسەریاندا پەیدا دەبێت، نەسری کوڕی سیابی والیی خوراسان نامەشیعرێکی بۆ دەنێرێ کە تەواوی مەترسی و پێشهاتەکان بەرجەستە دەکات تێیدا ودەڵێ:
أری تحت الرماد ومیض جمر ویوشك أن یكون له ضرام فإن النار بالعودین تذكی وإن الحرب مبدؤها كلام فإن لم یطفها عقلاء قوم یكون وقودها جثث وهام فقلت من التعجب لیت شعری أأیقاظ أمیە أم نیام
فإن یقظت فذاك بقاء ملك وإن رقدت فانی لا ألام
بەمانا خۆڵەکەوەی پڕ لە ئاور دەبینم و ئاور بەدوو دانە چیلکە هەڵدەگیرسێت و سەرەتای هەر جەنگێکیش شەڕە قسەیە و گەر خیرەتمەندانی قەوم نەیکوژێننەوە، سووتەمەنییەکەی سەرولاشە دەبێت هەربۆیە بەسەرسامییەوە دەپرسم: ئەرێ ئومەوییەکان بەخەبەرن یان خەوتوون گەر بە ئاگابێنەوە ئەوا دەسەڵاتیان دەمێنێتەوە
گەر هەردەشخەون گلەییم لەسەرنییە.

ھەواڵی زیاتر