سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرەخۆشى ئاراسەى ئیماراتى عەرەبی کرد بەهۆی گیانلەدەستدانى ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو وڵاتە بەهۆى روودانى لافاوەوە و رایگەیاند: “دڵمان لەگەڵتانە.”
رۆژی سێشەممە 2ـى ئابى 2022، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە تویتەر پەیامێکی ئاراستەی ئیمارات کرد و تێیدا هاتووە: “لەم کاتە ناهەموارەدا هاوبەشی برایانمانم لە ئیماراتى عەرەبی بە سەرکردە و حکومەت و گەلەکەی و خێزانى قوربانیان بەهۆى ئەو کارەساتە ئازاربەخشەى بەسەریان هاتووە بەهۆى ئەو لافاوەى هەندێک ناوچەى ئەو وڵاتەى گرتەوە.”
رۆژی 29ـى تەممووزى 2022، شەپۆلی بارانێکی بەخوڕ چەند ناوچەیەکی ئیماراتی گرتەوە و لافاو دروستبوو، بەوهۆیەوە لە شارەکانى فجیرە، شاریقە و رەئس خەیمەى ئیماراتى عەرەبی حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.
لە بەشێکى دیکەى تویتەکەی سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، “ئەو پەڕى پرسە و سەرەخۆشى خۆمیان ئاراستە دەکەم، هیواى زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم. دڵمان لەگەڵتانە.”