جەلیل زەنگە نووسەر و دەرهێنەری بەناوبانگی درامای گەردەلوول بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ڕۆشنبیرانی سلێمانی هیچیان بۆ ناكرێت لە چاوەڕوانیدا دەمرن یان دەچنە دەرەوەی وڵات؛ گوتیشی: “پزیشك دوو جار دڵی دەرهێناوە بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەكردوە”.
بەهۆی نەبوونی پارەوە ناتوانێت كاری وێنەگرتن بۆ بەشی چوارەم و پێنجەمی گەردەلوول بكات؛ وتیشی: “لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر ئەركی خۆی درامای ژاڵە و مەرەزەیان ئامادە كردووە و كەس هاوكاریی نەكردوون”.
هەولێر: ئێستاکە چ شتێك زۆر نیگەرانی كردوویت؟
جەلیل زەنگەنە: سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریە و ڕۆشنبیرەكانی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات، یان لە چاوەڕوانیدا دەمرن و سەر دەنێنەوە؛ هەولێر خاوەنی بیست كەناڵی تەلەفزیۆنیە سلێمانی هەمووی دوو كەناڵی هەیە ئێ باشە بۆ مشوورێك ناخورێت لەم شارە؟!
هەولێر: دەڵێن هونەری ڕۆژهەڵات، هونەرمەند دەپڕووكێنێت و بە گیرفانی بەتاڵ لێی دێتە دەر؛ ئێوە لەوبارەیەوە چ دەڵێن؟
جەلیل زەنگەنە: لەساڵانی حەفتا كاتێك درامای ژاڵەو مەرەزەمان پێشكەش كرد، كێ پارەی داینێ؟! لەگیرفانی خۆمان پارەمانداو كردمان، دوایی ئەو هەموو ساڵە موچەی خانەنشینی خۆم نەبێت یەك دیناری هیچ شوێنێكم نیە، تەحدادەكەم بەدەر لەهەقی خۆم دینارێك زیادیان داومەتێ بابێن بیاندەمەوە یان پێم بڵێن”.
هەولێر: ئەو ماوەیە كە نەخۆش کەوتوویت هیچیان بۆ نەكردویت؟
جەلیل زەنگەنە: دوو جار لە نەخۆشخانە و لای پزیشك دڵم دەرهاتووە، هیچیان بۆ نەكردووم، تەنیا منی ناردە دەرەوەی وڵات وەك نەخۆش بۆ چارەسەر”.
هەولێر: خەڵكی دەڵێن جەلیل زەنگەنە ئێستاشی لەسەر بێت خەریكی بەشێكی دیكەی گەردەلوولە وایە یان نا؟
جەلیل زەنگەنە: من ئامادەم و خەریكم، لە یەكەم بەشی گەردەلوولەوە وتوومە گەردەلوول پێنج بەشە، بەشی یەكەمی لە ساڵی (1976)ـەوە دەست پێدەكات، بەشی دووەمی لە ساڵی (1978)وە دەست پێدەكات، بەشی سێیەمی لەساڵی (1982)ەوە دەست پێدەكات، بەشی چوارەمی لە ساڵی (1987)وە و هەرچی بەشی پێنجەم و كۆتاییە دەپڕژێتە سەر باسی كیمیاباران و ئەنفال و كۆڕەوە مەزنەكە و دوایی ڕاپەینی بەهاری ساڵی1991″.
هەولێر: كێشەی پارەتان بۆ چارەسەر بكرێت دەست دەكەنەوە بەو بەشانەی دیكەی گەردەلوول كە هێشتا تەواوتان نەكردوون؟
جەلیل زەنگەنە: بێگومان پارەی دەوێت و كێشەی پارەمان هەیە، ئەو سێ بەشەی گەردەلوول كەتەواوم كردوون نیو ملیۆن دۆلاری ویستووە، بەو دوو بەشەی دیكەی گەردەلوول نیوملیۆ دۆلاری دیكەیان ناوێت پارەكە هێندە زۆر نیە، زیاد لە دوو هەزار ئەكتەر بەشداریان كردووە و، دەچینە شارەكانی بەغدا و هەولێر و كەركوك و سەرجەم شوێنەكانی دیكە، كە بۆ كاری وێنەگرتنی دراماكە پێویستە”.
هەولێر: ژمارەیەك لە ئەكتەرە دیارەكانی گەردەلوول كۆچیان كردووە لە ژیاندا نەماون، چۆن جێگایان پڕ دەكەنەوە؟
جەلیل زەنگەنە: گەردەلوول خوێن و گەنجی تازەی دەوێت، تەنیا چەند ئەكتەرێكی كۆنی تێدا بێ بەسە، چونكە خۆم سیناریۆكەم نووسیوە، سیناریۆكەم وەرنەگرتووە؛ بە نموونە دەڵێم لە بەشی یەكەمدا جیهاد دڵپاكی تێدایە لە بەشی دووەمدا ئەو بەشدار نیە، واتا دەكرێت ئەكتەرێك لە بەشێكدا دەورەكەی تەواو ببێت”.
هەولێر: دەترسی فریای بەرهەمهێنانی دوو بەشەكەی دیكەی گەردەلوول نەکەوی؟
جەلیل زەنگەنە: حەز دەكەم تا ماوم و نەمردووم پەلە بكەم لە تەواو كردنی ئەو بەشانەی گەردەلوول، چونكە یەكێكی دیكە سیناریۆكە تەواو بكات سەقەتی دەكات، وەك من لەناو ڕووداوەكاندا نەبووە خۆم دەزانم و خۆم دامڕشتووە و وێنەكانم لە بەرچاوە چی بەسەر گەلی كوردا هاتووە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵیدا ژیاوم”.
هەولێر: تۆ لە گەردەلوول شۆڕشی حزبەكانت لە شاخ زۆر جوان و سەنگین كرد، ئایا ژیانی شاریشیان هەروا جوان و سەنگین دەبێت یان نا؟
جەلیل زەنگەنە: نابێت ئەو دیمەنانە بە خەڵكی بڵێین چونكە هێشتا دراماكە پێشكەش نەكراوە، ئەگەر باس بكرێت خەڵكی لە دراماكە تێدەگەن و هەست و خۆشەویستی و زەوق و بینینیان بۆ دراماكە نامێنێت؛ بۆیە ناتوانم باسی بكەم”.
هەولێر: بەدەر لە گەردەلوول چی دیكەت هەیە بیری لێ بكەیتەوە یان پێوەی سەرقاڵ بیت؟
جەلیل زەنگەنە: نووسین و دەرهێنانی ساتێك بۆ خۆشەویستیم هەیە لە سی زنجیرە پێك هاتووە كارێكی سەردەمیانەیە زۆر بەپێزە، وەزیری پێشووی رۆشنبیری بڕەپارەیەكی بۆ تەرخان كرد، كەم بوو بەشی نەدەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارێك كارەكەی لە وەزیری ڕۆشنبیری وەرگرتەوە و نەكرا، كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ورد باسی دەكەم”.
هەولێر: بۆ كام لە ئەكتەرە كۆچكردووەكانی گەردەلوول دڵگران و ناڕەحەت بووی؟
جەلیل زەنگەنە: جا بۆ كامیان دڵگران نەبووم! ئەوە جیهاد دڵپاك، جەلال بەیار، بەهادینی حەلیم، مەمەند مستەفا، جەمالی حەمەكۆڵ، پشتیوان نووری بەدەوی، ئاسۆ عومەر سوارە و هیتریش، كە سەرجەمیان تواناست و بەهرەیان هەبوو”.
هەولێر: لەگەڵ خوێندنەوەدا چونی و چی دەخوێنیتەوە؟
جەلیل زەنگەنە: زیاتر كتێبی ڕۆمان دەخوێنمەوە، لەگەڵ دیراساتی درامایی و سینەماییش؛ ئێستاکە ڕۆژانە دوو كاتژمێر دەخوێنمەوە.