بە یادی (٤١)ـەمین ساڵوەگەڕی ماڵاواییعەلی مەردانەوە

ئامانج غازی

  • وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە ڕۆژگارێکی
    تەماویدا دەرکەوتی.
  • بە هەموو پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دەنگەوە، خۆتان سەرقافڵەی شارەزای مەقامات و پێرفۆرمانسی گۆرانی و موزیکی کوردین.
  • ساڵی (١٩٣٢)، لە تەمەنی (٢٨) ساڵاندا بەرەو قاهیرە بەڕێ کەوتن و وەک دەنگێکی ئەفسووناوی هۆڵی (یەکەمین کۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی)ـتان هەژاند.
  • داهێنانی مەقامی هیجران دەروازەیەکی گەورە بوو بۆ گەڕاندنەوەی هەیبەت و چۆنیەتیی ئاداکردنی مەقامی بەیات.
  • لە ئێزگە کوردییەکەی بەغدا بە درێژایی (٤٢) ساڵ خزمەتێکی نەپساوەتان کرد و دەیان دەنگبێژتان رێنمایی کرد کە چۆن بتوانن بە گەورەییەوە هەڵگری وشەی پیرۆزی (هونەرمەند) بن.
  • هەمیشە لە ململانێیەکی گەورە و سەختی هونەری و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا بوون بۆ پاراستنی شێوە پێرفۆرمانسی فۆرمەکانی (قەتار و ئەڵاوەیسی و خاوکەر و ئای ئای و نیوە شەو و خەناباد و دیوان).
  • ئاهەنگەکانی وڵاتی (لوبنان) و تۆمارە دەنگیەکانی ڕادیۆی (کرماشان)، گەنجینەی مانەوەی کیان و گیانی بەرزەفڕی هەرهەموومانن.
  • بۆ یەکەمین جار لە مێژووی چڕینی گۆرانیی کوردیدا (تەجوید هونەری) باڵادەستی خۆی لەسەر دەست و قورگی زێڕینی ئێوەدا ئاشکرا کرد.
  • ئاواز و میلۆدیەکانت دەروازە و دەرگاکانی مۆرک و ئادای کوردی بۆ سەجەم ئەو هونەرمەندانە واڵا کرد و بە ڕاشکاوانەیش پێت گوتن کە دەبێ لە نزکترین دەرفەتدا لە ئاواز و ئادای عەرەبی دوور بکەونەوە!
    کاتێ کە (مەحمود زامدار)ی خەمخۆری ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندان لە سلێمانی کۆڕی ڕیزلێنانی بۆ بەڕێوە دەبردن، ئاپۆڕە و حەشامەتی تامەزرۆیانی هونەرەکەت بە ئۆتۆمبێلیەوە لە بەردەم هۆڵی ڕۆشنبیرییەوە هەڵیانگرتی و لە باوەشیان گرتی.
    کاتێ کە ئەم یادەوەری و هەناسە گەرمانە دەدەینە بەر ڕۆژگاری ئەمڕۆ، لە جیاتی دەزگا بەر پرسەکانی هونەری لە کوردستان شەرم داماندەگرێ کە هێشتایش چینی هونەرمەندان و ئەدیبان و نووسەرانی خاوەن هەڵوێست ئاوا ژیان و ژیاریان بەڕێ دەکەن؟

تێبینی:

لە دەرفەتێکی نزیکدا ئەو لێکۆڵینەوە هونەرییە زانستییە دەخەینە بەر دیدەتان کە ساڵی (٢٠٠٧) لەسەر گەورە هونەرمەندمان بڵاو کردۆتەوە.

ھەواڵی زیاتر