ئەحمەد ڕەمەزان: ماوەی هەشت ساڵە بەشێوەیەکی فەرمی کاری دەر‌هێنانی ڤیدیۆکلیپ و مۆنتاژ دەکەم

بواری هونەر کەسی توانا و گەنجی پێویستە؛ “ئەحمەد ڕەمەزان” یەکێکە لەو دەر‌هێنەرانەی لە بواری هونەری کار دەکات و کاری بۆ زۆربەی گۆرانیبێژان کردووە، لەم دیمانەی هەولێر وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.

٭ سەرەتا باسێک لە ژیانت بکە؟
ـ لەدایکبووی شاری هەولێرم، بەڵام بە رەسەن خەڵکی چۆمانم؛ ماوەی هەشت ساڵە بەشێوەیەکی فەرمی کاری دەر‌هێنانی ڤیدیۆکلیپ و مۆنتاژ دەکەم پتر لە ٥٠ کاری گۆرانیم بۆ هونەرمەندان کردووەتە کلیپ، ئیستا لە تۆڕی میدیایی کوردماکسدا کار دەکەم.
٭ کوالێتی کلیپکردن لە کوردستان لە چاو دنیای دەرەوەدا چۆنە؟
ـ دیارە ئێستا لە کوردستان کەرەستەی باشمان هەیە و کۆمەڵە گەنجێکی توانا کاری سەرکەوتویان کردووە، بەڵام لەچاو دنیای دەرەوەدا ڕاست بڵێم لە ئاست پێویستدا نییە و کارەکان زۆربەی بە خەرجی کەم لێرە داوا دەکرێت.
٭ لەگەڵ کام هونەرمەند ئارەزوو دەکەی سەرجەم کلیپەکانی بۆ دروست بکەی؟
ـ من وەکو هاوڕێ نێوانم لەگەڵ گۆرانیبێژ “میران عەلی” خۆشە، بۆیەش بەشێکی کارەکانی ئەو من کاری دەرهێنان یاخود مۆنتاژم بۆ کردووە و لەمەولایش وەکو هاوڕێ و برا چی بە من بکرێ بۆی دەکەم.
٭ مەرجی تۆ بۆ کاری کلیپکردن چییە؟
ـ دیارە هەر دەر‌هێنەرێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، منیش بۆ هەر کارێک سەرەتا دەبێت گوێبیستی بەرهەمەکە بم دواتر بڕیاری لەسەر دەدەم کە ئایا بۆی بکەم یاخود نا، گرنگە گۆرانییەکە کوالێتیكی باشی هەبێت و لەگەڵ هزری من نزیک بێت تاکو کارێکی دانسقەی بۆ بکەم.
٭ ناخۆشترین کاری کلیپکردن کامە بووە کە وای لێ کردبێتی وازی لێ بێنی؟
ـ لە کاتی کلیپکردندا تووشی ئاستەنگی دەبیت، جارێک بۆ یەکێک هونەرمەندەکان بوو کە ویستی لە جیاتی من بڕیار بدات، بۆیە بۆ ماوەیەک وازم لە ئیشەکە هێنا و دواتر بڕیارمدان دا کاری بۆ بکەینەوە دیارە کاری هونەری خۆشی و ناخۆشیی تێدایە.

ھەواڵی زیاتر