فێرگسۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مانچسته‌ر یونایتد، به ‌هۆی ڕۆناڵدۆوه‌یه‌؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لیڤاندۆڤسكی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر یانه‌كه‌ی پێشووی
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، ئه‌ستێره‌ی پۆڵه‌ندیی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كارگێڕیی یانه‌كه‌ی پێشووی، كه‌ بایرن میونشنه‌.
دوێنێ شه‌ممه‌ 30/7/2022، مێدیا وه‌رزشییه‌كان، لێدوانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، یاریزانی پۆڵه‌ندییان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌م هاوینه‌دا له‌ بایرن میونشنه‌وه‌ چووه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ئه‌و یاریزانه‌ پۆڵه‌ندییه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كارگێڕیی یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه، هاوكات ده‌ڵێ كه‌ له‌ به‌رشلۆنه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كا له‌ شوێنێكی گونجاوه‌.
لیڤاندۆڤسكی بۆ تۆڕی ئێسپنی جیهانی ده‌ڵێ: هه‌ست ده‌كه‌م ئێسته له‌ شوێنێكی گونجاوم، بایرن هه‌وڵی دا شه‌ڕێك هه‌ڵگیرسێنێ و پاساو بۆ فرۆشتنم بێنێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌خت و دژوار بوو ئه‌وه‌ بۆ هانده‌ران لێك بداته‌وه‌ و روونی بكاته‌وه‌.‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ده‌بێ ئه‌مه‌ قبووڵ بكه‌م، ته‌نانه‌ت كه‌ درۆی زۆریشم له‌سه‌ر كرا، به‌ڵام هانده‌رانی یانه‌كه‌ ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ی دواییشدا زۆر به‌ توندی له‌ پشتم بوون و پاڵپشتم بوون.
لیڤا گوتیشی: هه‌ندێك خه‌ڵك ڕاستی ناڵێن، به‌ڵكوو شتێكی جیاواز ده‌ڵێن، له‌باره‌ی خۆمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كه‌ ڕوونگۆ و ڕاستبێژم، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌ندێ كه‌س كێشه‌ بێت.
لیڤاندۆڤسكی گوتیشی: كاتێكی گونجاو بوو بۆ جێهێشتنی بایرن میونشن و واژۆكردنی بۆند له‌گه‌ڵ به‌رشلۆنه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ بایرن میونشن و ڕاهێنه‌ردا هه‌یه‌ و بیری هه‌موویان ده‌كه‌م.

فێرگسۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مانچسته‌ر یونایتد، به ‌هۆی ڕۆناڵدۆوه‌یه‌؟
سێر- ئه‌لێكس فێرگسۆن، جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، دوای ئه‌وه‌ی ڕێچارد ئارنۆڵدی سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری یانه‌كه‌، داوای لێ كرد بۆ ڕاوێژكردن بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌كه‌.
له‌ 2013ـه‌وه‌ فێرگسۆن دوای 26 ساڵ راهێنه‌رایه‌تی و بردنه‌وه‌ی 36 ناسناو بۆ یانه‌كه‌، وازی له‌ راهێنه‌رایه‌تیی یانه‌كه‌ هێناوه‌، ئێسته‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێ ناوه‌ندێكی هزری دابمه‌زرێنێ و هه‌ریه‌ك فێرگسۆن و ده‌یڤید جێلی سه‌رۆكی پێشوو و بریان رۆبسۆن و به‌ڕێوه‌به‌ری تۆپی پێی ئێسته‌ی یانه‌كه‌ جۆن مۆرتۆجی تێدا بێ، تا سوود له‌ ئه‌زموونی هه‌موویان وه‌ربگرێ.
رۆژنامه‌ی ده‌یڵی مه‌یڵ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ڕۆڵی فێرگسۆن وای لێ ده‌كا هه‌ژموونێكی زۆری له‌ ئۆڵدترافۆرد هه‌بێ، هه‌رچه‌نده‌ پێشتریش له‌ یانه‌كه‌ مابوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیدواردی سه‌رۆكی پێشوو هه‌موو بڕیاره‌كان خۆی ده‌یدا، بۆیه‌ ڕۆڵی ئه‌وان ره‌مزی بوو.
فێرگسۆنیش پێی خۆشه‌ ئێسته‌ به‌شدارییه‌كی كارای له‌ مانچسته‌ر هه‌بێ، دوای چاكبوونه‌وه‌ی له‌ خوێنه‌ربوونی مێشك، كه‌ له‌ 2018ـدا مه‌ترسیی خسته‌ سه‌ر ژیانی.
رۆژنامه‌ی ده‌یڵی مه‌یڵ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ فێرگسۆن سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو، قسه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆناڵدۆ كردووه‌، له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ بریكاره‌كه‌ی خۆرخی مێندێش له‌ كارینگتۆن بوون.
به‌ڵام گفتوگۆكه‌ زۆر كورت بووه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌دابێ ڕۆناڵدۆ له‌ یانه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكوو دیداره‌كه‌ ڕێكه‌وت بووه‌. به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند رۆژی دادێ، هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی له‌ یانه‌كه بدا، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ 2008ـیش ڕازیی كرد ساڵیكی تر له‌ مان یونایتد بمێنێته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر