مێشكی ئادە‌میزاد ھێزێكی ھە‌رە‌ بە‌ھێزە‌، بە‌ڵام نائاسوودە‌!

گوهدار ئاكرەیی

با رێگا بە خۆم بدەم، بڵێم مرۆڤ بە گشتی رازی نین بەرامبەر بەو دۆخەی کە جیهان بۆی ئامادە کردوون؛ جا بۆ ئەمەش هەر تاکێک، دۆخێک سەرلەنوێ لەهەمان جیهاندا دروست بکات بۆ ئەوەی بەختەوەر بن لەگەڵیدا، بێگومان هەندە ئاسان نییە و لە خۆیەوە روو نادات. بەڵکوو بە ئازادکردنی بیر و هزریان دەکرێت، بەمەش بێگومان کەسەکە تووشی بەریەککەوتنی هەڵبژاردنی فکریانەی سروشتی و مرۆییەکان دەبێتەوە. چونکە راستە ئادەمیزاد توانای هەڵبژاردن و داهێنانی هەیە، بەرێگای هەڵبژاردنەوە دۆخەکان بگۆڕێت، کە لە دێرزەمانەوە ئادەمیزاد (هەڵبژاردنی) بە چەکی زانستیانەی ئەقڵی خۆی زانیوە و بۆتە نووکی قەڵەمەکەی، تاوەکوو لەسەر پەڕی کاغەزی ناو مێشکی خودی خۆی، وێنای ئەو دۆخە ژیانە بکێشێ، کە پێیەتی و بەختەوەر و رازی دەبێ، بۆی ببێتە هێڵی رێگای ژیانکردنی.
جا ئەوەی مەبەستمانە لەسەری بدوێین، بزانین ئەی بۆ چی؟ ئادەمیزاد بەگشتی تا لە ژیاندان نەیتوانیوە وەکوو پێویست ئاسوودە و بەختەوەر بن! کەچی مرۆڤ زۆر گەورەترە لە دۆخەکان، چونکە خودی مێشکی مرۆڤ! بەهێزترین هێزە لەم جیهانە. بەڵام بووەتە مایەی پرسیار؟ کە لە مێشکی زۆرینەی زۆری مرۆڤەکان ئەم پرسیارە دەخولێتەوە، بە خودی خۆمان بڵێین، هۆکاری ئەم نائاسوودەیی و نابەختەوەری ئادەمیزاد بۆچی بگەڕێنینەوە، چونکە ئەو کاتانەی ئاسوودەش دەبین، کاتییە! کەواتە مرۆڤ بەگشتی نەک تەنیا بەو شتانەی پێی ناگات ئاسوودەیی و بەختەوەریەکەی لەدەست دەدات، بەڵکوو بەو شتانەی کە پێی دەگات، کە بە حەز و ویستەکانی خۆی بوونە، بەڵام نەیتوانیوە وەکوو پێویست بەختەوەر و ئاسوودە بن لەگەڵیدا؛ جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە هۆکارەکەی بۆ بێئاگایی و کەمتوانایی هزری مرۆڤ دەگەڕێتەوە! یا بۆ ئەو سروشتەی مرۆڤ بەگشتی هەیەتی، کە هیچ جار، سەداسەد مرۆڤ بەو دۆخەی کە پێی دەگا لەگەڵیدا بەختەوەر و ئاسوودە نابێ. ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو سروشتەی مرۆڤ بە گشتی هەیەتی. بۆ نموونە مرۆڤ زۆر جار بە دۆخە راستەقینەکانیشی دەگات، بەڵام بڕوای تەواوی پێ ناهێت، بەپێچەوانەوە بە دوودڵیەوە دەلێ، ئەم دۆخەی بەدەستم هێناوە، رەنگە دۆخە راستەقینە و باشترەکە نەبێ. بەمەش کەسەکە بە بەردەوام لە گەڕان بێ بە دوای ئەو دۆخەی کە پێی ئاسوودە و سەلامەت دەبێت، نەتوانێت ئاسوودە و بەختەوەر بێ وەکوو پێویست بەو دۆخەی کە بەدەستی هێنابوو. ئەمەش هەمووی بۆ ئەو بەرژەوندییە نهێنیانەی خودی مرۆڤ کە هەیەتی، کە لە بنەڕەتدا مرۆڤ بێئاگان لێیان، جێی سەرسوڕمانن! چونکە بە ویستی مرۆڤ نین، جیاواز لە بەرژەوەندیەکانی تری مرۆڤ کە بەئاگان لێی بە ویست و خواستی مرۆڤن بەڵام هەرچی ئەم بەرژەوەندییە نهێنیانەن! تەنیا دوای ئەنجامدانی کارەکانی مرۆڤ بەدەر دەکەون، مرۆڤ دوودڵ بکا، نەتوانێ بە تەواوی ئاسوودە بێ لەگەڵیدا. تا ئێستاش ئادەمیزاد لە سوود و زیانی حیکمەتی ئەم بەرژەوەندیە نهێنیانە نەگەیشتوون و بۆیان بە تەواوەتی روون نەبۆتەوە بەچ شتێک بەستراوەتەوە.
هۆکارێکی تری نابەختەوەری مرۆڤ، بۆ ئەو شێوە کارکردنەی ئەقڵی خودی مرۆڤ بگەڕێنینەوە، کە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانی بەگشتی، قەت سەدلەسەد کارەکە بە تەواوەتی بەدەست ناهێ و، یەکسەر لە دوای تەواوبوونی کارەکانی کەموکورتیەکانی بەدەر دەکەون، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو فرەوانبونەی، هزر و بیری مرۆڤ بگەڕێتەوە کە بە بەردەوام مێشکی مرۆڤ، فرەوانبون و پێشڤەچوونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێ، هەر لەبەر ئەم هۆکارە یەبێ، تاک رەخنە لە کەموکورتیەکانی خۆی بگرێت لە دوای تەواوبوونی هەر کارێکی، بەمەش تاکەکە نەتوانێ ئاسوودە و بەختەوەر بێ لەگەڵ ئەو کارەی بەدەستی هێناوە.
بێجگە لەم دوو هۆکارەی کە ئاماژەمان پێ دان، نابێ تموحاتی ئادەمیزادیش لە یاد بکەین، کەزۆرینەی زۆری کارەکانی یەک لە دوای یەکی ئادەمیزاد بۆ ئەو تموحاتەی ئادەمیزاد هەیەتی بگەڕێنینەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئادەمیزاد ئەم تموحاتانەی نەبوایە، ژیان دەوەستا، چونکە تموحات، داینەمۆی بەگەڕخستنی مرۆڤە لە مەیدانی ژیاندا. لە کۆتاییدا ئەمانە هەمووی ئەوەمان بۆ دەردەخات، ئادەمیزاد لە هەر ئاست و تێگەشتنێکدا بێ، لە هیچ کارەکانی سەداسەد جێبەجێ نابن، دوای تەواوبوونی هەر کارێک، بیرۆکەی تازە و بەرژەوەندییە نهێنییەکان و تموحاتی کە لەپاڵ یەکترین، بوونەتە هۆی ماندوویەتی و شەکەتی و نائاسوودەکردنی مرۆڤ

ھەواڵی زیاتر