تە‌لە‌فۆنە‌شیعر

حەمەسەعید حەسەن

من شاعیر نیم، وەلێ شیعرناسم، ئەوی تۆزقاڵیک ویژدانی هەبێت، مشـــتومڕ لەسەر ئەم ڕاســـتییە ناکات. ماوەیەک بـــوو بێئیش بووم، لە دڵی خۆمدا گوتـم: جا بۆ گۆڤارێک دەر نەکەم، هەر وایشـــم کرد. هـــەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەمین ژمـــارەی گۆڤارە بۆردا، لە هەموو گۆشـــەیەکی دونیاوە، شیعرم بە ســـەردا باری. کارەسات ئەمە نەبوو، چونکە لە ســـەد شـــیعر یەکێکیانم بڵاو دەکردەوە، ئەوە کارەســـات بوو، ناوبەناو ڕەحمان شیعرێکی دوورودرێژی تازەی خۆی، بە تەلەفۆن بۆ دەخوێندمەوە و دەیویســـت ڕووگیـــر ببم و بڵێم زۆر جوانە، بینێرە، بڵاوی دەکەمەوە. منیش چونکە سەرنووســـەرێکی شـــەرمن نەبـــووم، هەر جارەی بیانوویەکم بۆ ڕەتکردنەوەی شیعری دەبینییەوە.
جارێکیان گەیشتە تینی و گوتی:
() تـــۆ لەمێژە دەســـتی دەســـتی بە مـــن دەکەیت، بەڕاشکاوی پێم بڵێ: منت پێ شاعیرە یان نا؟ () ســـەرەتا پێویســـتە ئەوەت پێ بڵێم، کە پێشتر، کورتەشێعر، چیرۆکە شیعر، ڕۆمانەشیعر و پەخشانەشیعر هەبوون، تۆ داهێنەری تەلەفۆنەشیعریت. () کەوایە پێ دەچێت ناوەڕۆکی شـــیعرەکانم پەســـەند نەکەیت. () مانای شـــیعر لـــەدەرەوەی شـــیعردا نییە، لەناو شیعردایە و لە کاتی نووسینی شیعردا لە دایک دەبێت. تۆ دێیت بیرێک کە پێشتر هەتبووە، دەخەیتە ناو قاڵبی کێش و ســـەرواوە کە پێش لەدایکبوونی تۆ ئەو قاڵبە هەبووە، بەڵام شیعری ڕاستەقینە، وەک (باشلار) بۆی چووە، فۆرم و ماناکەی هاوزەممان لەگەڵ نووســـینیدا پەیدا دەبن. تۆ دێیت باسی خەباتی چینایەتی دەکەیت، ئەمەیش شتێکی کۆنە و لە دەرەوەی شیعر ڕوو دەدات. تۆ دێیت ئەو بابەتە لە قاڵبی کێشی سواوی چواربڕگەیی دەدەیت، شیعر قاڵب ناناســـێت، شـــیعر وەک چۆن دەربڕێنێکی ڕووکەش نییە لە قاڵبی کێش و ســـەروادا، هەر وایش خولانەوە نییە لە بۆشاییدا و بێ مانایی و بێ ڕێساییش نییە. () دەزانـــم تۆ بیروبـــاوەڕی منت بەدڵە، بەڵام دیارە لە تەکنیکی شێعرەکانم ڕازی نیت، کەواتە مەردی چاک بە و فێری تەکنیکی نووسینی شیعرم بکە. () خۆ شـــیعر دروســـتکردنی کۆلارە نییە، پێت بڵێم چۆن دەکرێت. دەربڕینی بیروباوەڕیش ئیشی سیاسەتوانە نەک شـــاعیر. شاعیر دەپرســـێت، وەڵام ناداتەوە، ئەوی وەڵامـــی ئامادەی پێ بێت، کادیرە نەک شـــاعیر. شـــیعر دەبێـــت گۆلە هێمنـــەکان بهەژێنێت، گـــوێ ڕابتەکێنێت و چـــاو ئەبڵەق بکات. شـــیعر تاکتیک نییـــە لە خزمەتی ستراتیژدا بێت، شیعر خۆی ئامانجە، شیعر سەرکێشییە لە بواری زماندا، شـــیعر دەربڕینە بە وێنە، وێنەیەک خوێنەر تووشی حەپەســـان بکات. شیعر پێشێلکردنی هەموو ئەو ڕێســـایانەیە کە زۆربە لەســـەریان ڕێک کەوتوون. شیعر شـــتێک ناڵێت، لە گوتنی شتێک بێدەنگ دەبێت، شتێک ناداتە بەر ڕووناکی، شتێک بە تەمومژ دادەپۆشێت، شیعر مانایەک لە چەند دێڕێکدا کۆ ناکاتەوە، مانایەک پەرتوبڵاو دەکاتەوە. () کەواتە تۆ بانگەشـــە بۆ شیعری بێمانا و تەمومژاوی دەکەیت؟ () تەمومژ: “ڕەتکردنەوەی مانا نییە، بەڵگەی هەبوونی مانایە. لە شـــیعری تەمومژاویدا مانا هەیە، بەڵام درەنگ خـــۆی بـــە دەســـتەوە دەدات. ئەوە ئیشـــی ڕەخنەگرە، ڕووناکی بخاتە ســـەر ناوەڕۆکی شیعری سەخت و پەراوێز و شوێنە سپی و بۆشایییەکانی بەسەر بکاتەوە. سەرنجی شـــیعری ئەدونیس بدە، جاری وا هەیە، پەراوێزی شیعری دەبێتە دەق و دەقی شـــیعری دەبێتە پەراوێز،”() ئەوەی شـــیعر لە پەخشـــان جیا دەکاتەوە، ناڕاســـتەوخۆیی و تەمومژێکی هونەرییە، وەلی ئەو شـــاعیرەی زێدەڕۆیی لە خەســـتکردنەوەی تەمومژدا بکات، دەرگا لەســـەر خودی خۆی کڵـــۆم دەدات، پێوەندیی بە خوێنـــەرەوە نامێنێت و تەنیا بۆ خۆی دەنووســـێت. کە پێشـــوازی لە شیعری شـــاعیری وا ناکرێـــت، هەڵەی خۆیەتی، نـــەک خوێنەر. دەبێت ئەوەیش بڵێم، شیعری نەمر: شیعرێکە پرۆژەیەکی نوێی پێ بێت و لە ڕێساکانی شیعری باو یاخی بووبێت. () تۆ لەبری ئەوەی هانم بدەیت، نائومێدم دەکەیت. () هانی چیت بدەم؟ تۆ پێش من دەستت بە نووسین کردووە و هاوتەمەنی باوکیشمیت! () دەزانم تۆ منت پێ شـــاعیرێکی نەریتپارێزە، ببوورە ناچارت کردم، بڵێم: منیش تۆم پێ شـــێتە، ئاخر شـــێت کەســـێکە دژی دابونەریتی باو ڕەوتار بکات، تۆیش داوای یاخیبوون لە شتە باوەکان دەکەیت. (*) حەزرەتـــی محەممەد چونکە بە گـــژ دابونەریتی باوی کۆمەڵگەی جاهیلدا دەچووەوە، کافران بە شـــیتیان لە قەلەم دەدا، نیســـابووری پێی وایە: شـــێتی بیست و یـــەک جۆری هەیە، لای ئەو هەر کەس باســـی خەوشـــی خەڵکـــی بکات، شـــێتە، لەم دیتنەوە من چونکە باســـی خەوشی شیعری تۆم کردووە، دەشێت شێت بم. ئەو زاتە هەڵەوەڕیش بە شـــێت تێدەگات، کەواتـــە تۆیش چونکە میری هەڵەوەڕانیت، لە ڕوانگەی وییەوە شێتیت.
تەلەفۆنەکەی بە سەردا داخستم، ئیدی لەوساوە ببڕای ببڕ نە بە چاک، نە بە خراپ، دەنگی نەما. *
(*) محمد الغزي، سقوط دولة المعنی

ھەواڵی زیاتر