پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خانزاد ئه‌حمه‌د: پشتوانی ماددیمان بۆ نزیكه‌ی‌ 8،000 هه‌زار ئافره‌تی لادێ و شارۆچكه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئابووری خۆیان هه‌بێت

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خانزاد ئه‌حمه‌د ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان دامەزراوەیەکی سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی رەگەزی لەسەر ئاستی کوردستان و بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیرکردنی ئەرک، پێداویستی و داخوازییەکانی ئافرەت لە بەرنامەکانی وەزارەت و ئۆرگانەکانی دیکەی حکوومەتدا دامەزراوە. 

لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ له چوارچێوەی  پرۆسه‌ی  چاكسازیدا، په‌یڕه‌وی نوێی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدانمان بەشێوەیەکی سه‌رده‌مییانه‌ داڕشت و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەن بە سەرۆکایەتی رێزدار مه‌سرور بارزانی په‌سەندكرا. پەیڕەوە نوێیەکە ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ ئه‌نجومه‌ن دەدات بۆ ئه‌وه‌ی كاری زیاتر ئه‌نجام بكات بۆ پته‌وكردن و پێشخستنی یه‌كسانی جێنده‌ری له‌ ناو ئۆرگانه‌كانی حكومه‌ت.

له‌م سێ ساڵه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین كار و چالاكیمان ئه‌نجام داوه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێك له‌ گرنگترینیانن:

بۆ یه‌كه‌مجار و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی هاوشێوە له حکومەتی‌ فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان پلانی ئافرەت، ئاشتی و ئاسایشمان داڕشت و ئێستا چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

لەچوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پێشگرتن و وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی حکومەت، رێککەوتنێکمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک لەگەڵ دەوڵەتی ئیتالیا و دوو رێکخراوی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆ کردووە. زیاتر لە زیاتر له‌ 20 هه‌زار ژنی رزگاربووی توندوتیژی و  خێزان لە پرۆژەکە سوودمەند دەبن.

بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌شداری ئافره‌تان بە رێژەی ٥٪ له‌كه‌رتی تایبه‌ت، پرۆژه‌ی (مشرق جێنده‌ر فاسێلیتی) چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. پرۆژەکە بەهاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و  پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت. وه‌ جگه‌ لە پاڵپشتیکردنی پرۆژەی ئابووری خانمان هەندێک هەموارکردن و بەرۆژکردنی یاساکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراومان  له‌و شوقانه‌ی کە بۆ کرێنشینان دروست دەکرێن بۆ ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رپه‌رشتی خێزان ده‌كه‌ن یان بێ سه‌رپه‌رشتن تەرخانکراوە.

ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان ڕۆڵێكی گرنگ و جددی هه‌بووه‌ له:

‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی ئافره‌تان و خێزان وه‌ دەرچوونی یاسای نوێی چەکهەڵگرتن و هەڵمەتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و بڕیاری قەدەغەکردنی سیمكارتی بێ سه‌ره‌تا و دانانی ئه‌پلیكه‌یشنی (Safe You) بۆ پاراستنی ژنان، كه‌ هه‌موویان هەنگاوگەلێکی جددین بۆ پاراستنی ئافرەتان.

هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا، ئێمە وەک ئۆرگانێکی هەماهەنگیکار و راوێژکاری حکومی بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی گوند، شارەدێ و شارەکانمان کردووە بۆ بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی خانمان. هاوکات گرنگییەکی تایبەتیشمان بە ژنانی ئێزدی رزگاربوو داوە، وه‌ وەک پردێک داخوازییەکانمان بۆ حکوومەت و دامەزراوە و لایەنە بیانییە پەیوەندیدارەکان گواستووەتەوە.

له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار له حكومه‌ت، په‌رله‌مان، دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ زیاتر له‌ 30% خانمان كار ده‌كه‌ن.  رێژه‌ی خانمانی خاوه‌ن بڕیار له‌ زانكۆكاندا له‌ زیادبووندایه. هه‌روه‌ها رێژه‌ی ژنان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ ڕێژه‌ی 10%.  

لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ به ‌هاوكاری رێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتوانی ماددیمان بۆ نزیكه‌ی ‌ 8،000 هه‌زار ئافره‌تی لادێ و شارۆچكه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئابووری خۆیان هه‌بێت.

لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابووری خانمان وه‌  بەڕێوەبردنی پرۆژه‌ی بچووك، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن له‌نێوان ئه‌نجومه‌نمان وه‌ هه‌ردوو رێكخراوی GIZ ی ئه‌ڵمانی و رێکخراوی  Women for women  نێودەوڵەتی واژۆكرا. كه‌ تێیدا دەرفەتی کار بۆ 5،000 هەزار ئافرەت دەرەخسێت.

له‌ پڕۆژه‌ی ئابووری بۆ خانمانی كارساز کە به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژووری بارزگانی و پیشه‌سازی كوردستان و به‌هاوكاری رێكخراوی (GIZ)ی ئه‌ڵمانی جێبه‌جێ کراوە 3،000 هەزار ژن سوودمەند بوون. پرۆژەکە سه‌رنجی لەسەر راوێژکاری ئابووری بۆ خانمانی کارساز بوو، وه‌ هاوکات کاری لەسەر ئەوە کرد کە چۆن لە شوێنی کار رووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.

هه‌روه‌ها لە هەڵمەتێکدا، زیاتر له‌  10،000 هه‌زار نه‌ماممان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان چاند. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکوومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هاووڵاتیانمان لە پاراستنی سامانی ئاو و ژینگە ئاگادار کردووەتەوە. بە بەردەوامی پاڵپشتیمان لە خانمانی وه‌رزشوان کردووە و یارمەتی سێ یانەی وەرزشیمان لەسەر ئاستی کوردستان داوە.

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

(4) گوتاری د. خانزاد ئەحمەد، بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم – YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى