سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریانکردووە بۆ نەمانی رۆتین و رێکخستنەوەی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، لە کۆی 40 هەزار نووسراو کە براونەتە ئەنجومەنی وەزیران، 96%یان کارەکانیان تەواو بووە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریانکردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی کارگێڕی لە ئەنجومەنی وەزیران و رێکخستنەوەی کارکردنی فەرمانبەران، هەروەها کارکراوە بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی راژە.
باسی لەوەشکرد “لەگەڵ سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان، کارمانکرد بۆ دەرکردنی یاسای چاکسازیی، لە مووچە و دەرماڵە و بابەتەکانی دیکە، لەلایەکی دیکە، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوەە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی کارمانکردوە بۆ زیادکردنی داهات، بۆ نموونە داهاتی ناوخۆ لە 140 ملیۆن دۆلارەوە، گەیەندراوەتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار”.
رووبەڕووبوونەوەی کارگێڕی دارایی و ئیداری، یەکێکی دیکەبووە لە کارەکانی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها ئومێد سەباح دەڵێت “لەرووی یاساییەوە، بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانیومانە 24 یاسا و 15 پەیڕەو دەربکەین، بۆ رێکخستنەوەی کاروبارەکان”.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە رووی ئەندازیارییەوە 884 پرۆژە رەزامەندیان پێدراوە و زیاتر لە 840 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.