پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 7, 2024

نێچيرڤان بارزانى: گرنگ بۆ ئێمه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره‌

دوای به‌شداریكردنی له‌ پانێڵێكى ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ـ ديدارى مێری ـ دا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/10/26 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ دروستكردنی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا گوتی “له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بانگهێشت بكه‌ین و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ده‌مانه‌وێت كورد له‌ به‌غدا به‌ یه‌ك ده‌نگ به‌شدار بێت”.

ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و پارێزگاری كه‌ركووك و چاره‌سه‌ركردنی گرژییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پۆستانه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌وه‌‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد “پێموایه‌ سۆشیال میدیا زیاتر ئه‌و گرژیانه‌ی دروست كردووه‌ و ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت تا ئێستا نه‌هاتووین دانیشین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چ پۆستێك بۆ كێ بێت و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كدا بیكه‌ین ده‌مانه‌وێ كورد سه‌ركه‌وتوو بێت و مه‌سه‌له‌ پۆست نییه،‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بچین بۆ به‌غدا و به‌یه‌كه‌وه‌ بین و پۆسته‌كان به‌ پله‌ی دووه‌م دبێت نه‌ك پله‌ی یه‌كه‌م. تا ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك نه‌كراوه‌ و نه‌چووینه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین”.
سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی ڕێژه‌ی كورسییه‌كانی سوننه‌ له‌ عیراق، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند “شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ جۆرێك بوو زیاتر ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ ڕێكخستنیان هه‌بووه‌ به‌ ڕێكوپێكی خه‌ڵكی خۆیان بردۆته‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌وانه‌ براوه‌ بوون. خۆشحاڵین به‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و سوننه‌كانیش كورسییه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی باش به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا بكه‌ن”.
ده‌رباره‌ی كاره‌ له‌پێشینه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دانیشین و ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عیراقه‌، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان هه‌م ئه‌ركمان هه‌یه‌ و هه‌میش مافمان هه‌یه‌ و له‌وه‌ تێده‌گه‌ین و ده‌مانه‌وێت ئه‌م كێشانه‌ له‌م چوار ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.
ده‌رباره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ عیراق به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كاتێك به‌هێز بێت، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی گوتى “هیوادارم شتی وا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌”.
ده‌رباره‌ی كورسییه‌كانی كريستیانه‌كانیش له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌رێزیان ڕایگه‌یاند “پێموایه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی زانییان ته‌كنیكی هه‌ڵبژاردنیان به‌كار بهێنن، زیاتر ئه‌وان توانییان سه‌ركه‌وتوو بن”.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیشی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى “به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی عیراق، پێموایه‌ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بوو”.
له‌ وه‌ڵامى دوا پرسياردا ده‌رباره‌ى دۆخی ئێستای عیراق و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی “خاڵی یه‌كه‌م ئه‌وه‌ ده‌بێت كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن به‌ جددی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ نیگه‌رانیی ئه‌و لایه‌نانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ ڕای ئێمه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پێموایه‌ ئه‌مانه‌ له‌نێو خۆیان ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام مافی خۆیانه‌ كه ئه‌وان هه‌ندێك‌ قسه‌یان هه‌یه‌ و سكاڵایان هه‌یه‌ و كۆمسیۆنمان هه‌یه‌، پێموایه‌ له‌ ڕێگه‌ی یاساییه‌وه‌ ده‌كرێ داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن”.