چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نەشتەرگەرییەک بۆ هونەرمەند بەكر مستەفا

هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ و دراما (بەكر مستەفا) نەشتەرگەری قاچی لە بەشی رانی بۆ کرا و ئێستا تەندروستیی جێگیرە و لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو هونەرمەندی توانا بەكر مستەفا لە نەخۆشخانەی (شار) لە شاری سلێمانی نەشتەرگەری رانی چەپی بۆ کرا، لەو بارەیەوە بەكر مستەفا بە (هەولێر)ی راگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا دەمارێكی قاچی لە بەشی رانی گیرابوو، لە دەرەوەی كوردستانیش پێیان گوتووە دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، دواتر بڕیاری داوە نەشتەرگەریەکەی بکات.
ناوبراو وتی “سوپاسی پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار دەكەم بۆ ماندووبوونیان پێمەوە، سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەش دەكەم كە هەواڵیان پرسیم”.
بەكر مستەفا یەكێكە لەو ئەكتەرانەی ساڵانێكی زۆرە لەبواری هونەری نواندندا كار دەكات و دوایەمین بەرهەمیشی بەشداریكردن بوو لە زنجیرە درامای (سەمەرە) بەرهەمی ناوەندی زەنێ و كەناڵی كوردستان كە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا لە كەناڵی كوردسات پەخش كرا و دەنگدانەوەیەكی باشی لێ كەوتەوە.
بەكر مستەفا لەو درامایەدا رۆڵی كەسایەتیی (كامەران)ی بەرجەستە دەكرد كە یەكێك بوو لە رۆڵە سەرەكییەكان و رۆڵەكەی شۆفێرتەكسییەک بوو لە ماڵی خەزووریدا دەژیا، بەردەوامیش تەكسییەكەی تووشی كێشە دەبوو كە تەكسیەكەش هی خەزووری بوو.
بەكر مستەفا ئاماژەی بەوە كرد “خۆم نەخۆشی شەكرەشم هەیە و كاتی تۆماركردنی درامای (سەمەرە) بەهۆی سەرماوە كەمێك ماندوو بووم، بەڵام بەهۆی سەركەوتوویی دراماكەوە و ئەو ستافە ماندوونەناسە و خۆشەویستەی كارم لەگەڵدا دەكردن، ماندووبوونەكەمان بەرهەمی باشی هەبوو”.