زانا توفیق بەگ
هەڵبژاردن وەکومیکانیزمێکی دیموکراسی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە عێراقدا بوونی نیە.
بەمانایەکی دیکە، مۆدێلێک نیە بۆ ڕێکخستنی کایەکانی حکومڕانی لە سێکتەرەکانی ئابووری وڕێکخستنی دەسەڵات، یان پاشەکشەی لایەنی دۆڕاو لەپڕوسەکەدا، وەرگرتنی دەسەڵاتی حکومڕانی لە لایەنی براوەی هەڵبژاردن وەکو هەموو مودێلەکانی دونیای دیموکراسی.
لە عێڕاقدا، هەڵبژاردن ئەوەندەی دروشمە ئەوەندە پڕۆژەیەکی
سیاسی و کۆمەڵایەتی نیە بۆدروستکردنی دەوڵەتسازی یان خودسازی بۆ تاکی عێراقی. دەتوانم بڵێم هێمایەکی گشتی لێڵ و ناکۆنکرێتیە بۆدروستکردنی ئەڵتەرناتیڤی خراپتر لە دەسەڵاتی پێشوتری حکومڕانیدا.
واتا ئەوەندە هیوا بەخش نیە بۆ داهاتووی تاک لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا.
کێشەی جەوهەری لەناو پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا،پێمان ناڵێت ئەو دەزگا سەرەکییانەی کە حکومەتی عێراقی لەسەری بیناکراوە کامانەن.
ئەرک و ماف لەکوێی ئەم گوڕانکاریەدایە. تەنانەت ستراتیژی حکومەتی عێراقی بۆ داهاتووی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی پرۆژە گرنگەکانی تایبەت بە پروسەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت دروستکردنی تاکی عێراقی لەکام پێگەی داهاتووی حکومەتە نوێیکەی دوای هەڵبژاردندایە.
لەسەر هیچ یەکێک لەم شتانە و بابەتی گرنگتر، هیچ بە هاووڵاتیان و نوخبەی سیاسی ناڵێت، تەنانەت لایەنی کەمی هەندێک لەو ئەرکانەی کە پێویستە دەوڵەت جێ بەجێ بکات، بەشێوەیەکی نیمچە کۆنکرێتی وەک ئیلتیزامێکی یاسایی و نیشتمانی بوونی نیە.
بەشداری نەکردن و بایکۆتی هاونیشتمانی لە پرۆسەی دەنگداندا، ئەگەرێکی نزیکی هەیە ببێتە هۆکاری دروستبوونی فکری ڕادیکاڵی توندتیژی لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە تایبەت لە بەرامبەر دەسەڵاتی حوکمڕانی عێراق و کۆی گشت لایەنە سیاسیەکانی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی تەنانەت لە بەرامبەر حەوزە دینێکانی شیعە و سوننەدا.
سینارێوکانی دوای دروستبوونی حکومەتی نوێ عێراق، بریتی
دەبێ لە زیاتر هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی عێراق، بە واتایەکی تر نووقمبوونی ئەلتەرناتیڤی سیاسی میانڕەو لە بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوودا .
ئەمەش جارێکی تر کوشتنی هیوای هاووڵاتیانی عێراقی یە بۆ چاککردنی دۆخی ئەمنی و سیاسی و خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی بە هەدەردانی سامانی نیشتمانی وڵاتی عێراق