حزب و لایەنەکان، بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەڕوانن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سەرەتای دەستبەرکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندەکانی حکوومەت چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە، لە ھەموو سەردانەکاندا تەئکید لەسەر ئەوە کراوەتەوە دەبێت دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە بڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی، دانیشتن و گفتوگۆی نێوان مەسرور بارزانی و بەرپرسانی عێراق، چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەدواوە دەبێت. روونیشی دەکەنەوە، دەبێت کورد لە حکوومەتێکدا بەشدار بێت کە دەستوور تێدا حاکم بێت، بۆ ئەوەی گەلی کورد بە مافەڕەواکانی خۆی بگات، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لەگەڵ ئەوەن ھەولێر و بەغدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە رێککەوتن”.
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بە نزیکبوونەوەی چارەسەری کێشەکان کراوە و ھەماھەنگی و بەردەوامی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا و ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە گرنگ زانراوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکانیدا لە بەغدا بە راشکاوانە رایگەیاندووە پێویستە و دەبێت حکوومەتی عێراق وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە کوردستان خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی ھەیە، بە ھەزاران خەڵکی کوردستان لەو پێناوەدا شەھید بوونە.
ھەروەھا پێی راگەیاندوون، لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ھەر وەک چۆن ئەرکمان ھەیە، بە ھەمان شێوە مافی دەستووریمان ھەیە، بەڵام بەداخەوە مافەکانمان پێشێل کراون، ھیچ دادگایەکی دەستووری نییە و ئەو بەناو دادگای ئیتحادییە، بەپێی دەستوور دروست نەکراوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم پابەند نابێت بە بڕیارەکانی دادگا، ھەروەھا رەخنەی لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان گرتووە کە ناکرێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تەنیا لە بابەتی نەوت و گاز و شایستە داراییەکان کورت بکرێتەوە، بەڵکو ھەرێمی کوردستان چەندین مافی دەستووری ھەیە کە بەداخەوە پێشێل کراون، لەنێویشدا ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی جینۆساید کردووە و پێی راگەیاندووە تەنھا وەک نموونە تا ئێستا قەرەبووی ئەنفال و کیمیابارانکردن وخاپوورکردنی کوردستان نەکراوەتەوە، کە لە دەستووردا ھاتووە.
لە کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکاندا مەسرور بارزانی، رایگەیاند، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان بین و دۆسییەی نەوت رادەستی بەغدا ناکەین، چونکە مافێکی دەستووریی خۆمانە، نە من و ھیچ کەسێکیش لە کوردستان ئەو مافەمان نییە دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بین؛ ھەمیشە ئامادەین بۆ چارەسەر، چارەسەری نەوت و گازیش یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت و ماف و ئەرکەکانی ھەر لایەک دیاری بکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بێت.
حکوومەتی ھەرێم جەخت دەکاتەوە، دەستوور بنەمایەکی جەوھەرییە لە گفتوگۆیەکان لەگەڵ بەغدا، حکوومەتی ھەرێم ھەوڵ دەدات دابەشکردن و بەدەستھێنانی پشکی دادپەروەرانەی سامانی وڵات دەدات لە بودجەی ساڵانەیی، ئەوەش بە رێککەوتنێکی دادپەروەر و بەردەوام بۆ کوردستان، ھەر بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١١١ و ١١٢ دەستووری عێراق دەکات کە مافەکانی ھەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
ھەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەشبینی و ھیوا دەداتە خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی کورد یەکڕیزی خۆی بپارێزێت و ببێتە ھاوبەشێکی ڕاستەقینە لە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراقدا، بۆ ئەوەی بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بگات.
چاودێرانی سیاسی، چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە گرنگ و بەرھەمدار دەزانن، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە چارەسەر بکرێن.
د. رەمزی زەکەریا، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ھەولێر گوتی: “نابێت کورد بە پەرتەوازەیی روو لە بەغدا بکات، چونکە ئەگەر بە پەرتەوازییەوە بچێتەوە بەغدا نا توانێت مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت، بۆیە پێویستە بە یەکڕیزی و یەکگرتووی روو لە بەغدا بکات تا بتوانێت دەستکەوتەکانی کوردستان بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بۆ گەلی کوردستان بەدەست بھێنێت.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: “دەبێت کورد لە حکوومەتێکدا بەشدار بێت کە دەستوور تێدا حاکم بێت و پابەند بێت بە جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستوور و مافی خەڵکی کوردستان بدات، نەک ھەر ئەوە بێت کورد بەشدار بێت و حکوومەتیش پابەند نەبێت بەو بەڵێنانەی کە بە گەلی کوردستان دەدات، وەکو لە حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بینیمان کە جگە لە ماڵوێرانی ھیچی دیکەی بۆ گەلی کورد بە دواوە نەبووە.
موحسین شەوکەت، چاودێری سیاسی، بە ھەولێری گوت: “سەردانی مەسرور بارزانی، بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گەشبینی دەداتە خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش بۆ ھەموو لایەنەکان دیار بوو کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە کێشەکانی ھەولێر و بەغد چارەسەر بن، نەک کێشەکان گەورەتر ببن، بەڵام ئەوە بەغدایە دەستوور جێبەجێ ناکات و بەردەوام کێشە و ئالۆزی دەنێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە لە بەغدا ئیرادە نییە، ئەو ھێزە سیاسییانەی کە لە بەغدا دەسەڵاتیان لە دەستدایە، باوەڕیان بە سیستەمی فیدڕاڵی نییە و ئیرادەش نییە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد.
شەوکەت، گوتیشی: “دەستوور مافی ھەموو پێکھاتەکانی زامن کردووە، بۆیە گرنگە ھەموو لایەنەکان بەتایبەتی بەغدا پێوە پابەند بێت، چونکە ئەو کێشانەی کە لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن و چارە نەکراون، ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەر کاتێک دەستوور جێبەجێ بکرێت کێشەکانیش چارە دەبن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەر دوولادا دەبێت، بۆیە پێویستە کورد جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکاتەوە.
د. زیاد ئیسماعیل، شارەزا لە کاروباری سیاسی، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد: “لەناو پەرلەمانی عێراق ھەندێک لایەن و فراکسیۆن بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکەن کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، یان دژایەتی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنیا دڵی ھەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە خۆیان ڕازی بکەن، ئەوەش وا دەکات کە چۆن لە ١٧ ساڵی رابردوو نەک کێشەکان چارە نەکراون، بەڵکو ھەندێک لە کێشەکان گەورەتر بوونە، ئەگەر لەو چوار ساڵەی داھاتووش ھەر بەو شێوەیەک ھەندێک لە فراکسیۆنەکان بەردەوام دژایەتی کورد بکەن، زۆر زەحمەتە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ببن”.
د. ئازاد خدر، چالاکوانی سیاسی، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد: “یەکێک لە خاڵە ھەرە گرنگەکانی نێو کارنامەی کابینەی نۆیەم، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، بۆیە سەردانی شاندی حکوومەت بۆ بەغدا نیازپاکی ھەرێم بەرامبەر بە چارەکردنی کێشەکان دەردەخات و بە بەرپرسانی بەغدا گوترا کە ھەرێم لەگەڵ چارەکردنی ھەموو کێشەکاندایە، بەتایبەتی کێشەی دارایی و ماددەی ١٤٠، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوام بن، تا ھەموو ئەو کێشانەی کە ھەن چارەسەر بکرێن”.

ھەواڵی زیاتر