پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كات ڕێكاری یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توركیا بگرێته‌به‌ر

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له‌ حكوومه‌تی ئیتیحادی كرد هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توركیا بگرێته‌به‌ر.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان‌ شوێنێكی گه‌شتیاری له‌ گوندی په‌رخ له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بۆردومان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ 9 گه‌شتیار كوژران و 23ی تریش بریندار بوون كه‌ به‌شێك له‌ قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌ت بوون، قوربانییه‌كان گه‌شتیاری عه‌ره‌ب بوون كه‌ بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری ڕوویان له‌و شوێنه‌ كردبوو.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕأیگه‌یاند: به ‌توندترین شێوە ئیدانه‌ی‌ ئه‌و تۆپبارانه‌ قورسه‌ی‌ سوپای‌ توركیا دەکەین کە ئەمڕۆ چوارشەم هاوینەواری پەرەخی گەشتیاری لە شاره‌دێی دەرکاری سەر بە شاری زاخۆی کردە ئامانج کە بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی سڤیلی‌ بێتاوان شەهید و برینداربوون له‌نێویاندا ئافره‌ت و منداڵ هەیە، کە لە پارێزگا جیاکانی عێراق بەنیازی گەشتیاری و بەسەربردنی کاتەکانیان ڕویان لە هه‌رێمی‌ كوردستان کردووە.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه ‌و به ‌ئامانجگرتنی هاووڵاتییان بێ‌ هیچ پاساوێک شەرمەزار دەکەین، داواش له ‌حكوومه‌تی‌ ئیتحادی‌ دەکەین به‌په‌له‌ بێته ‌سه‌رخه‌ت و هه‌موو رێكاره‌ یاسایی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ بگرێته‌به‌ر و سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ دابنێت کە تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی‌ ئه‌نجامی ده‌دات و به‌ به‌رده‌وامی‌ سه‌روه‌ری‌ نیشتمانی‌ عێراق ده‌به‌زێنێت و پێشێلكاری‌ له‌ رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌كات و ڕێز لە بنەمای دراوسێیه‌تی‌ باش ‌ناگرێت.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ ئاڕاسته‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیده‌كان كرد و هیوای‌ چاكبوونه‌وه‌ی خێراشی‌ بۆ بریندارەکان خواست