پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فراکسیۆنی پارتی پەیامێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی گوندی پەرخ لە زاخۆ بڵاو کردەوە

فراکیسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022 سەر گوندی پەرخ بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی کەمتەرخەمە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و سەروەری خاکەکەی.

ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە درێژەی بۆردوومانی گوند و ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە کە هەمیشە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسانی بێتاوان، ئەمڕۆ چوارشەممە هاوینەهەواری پەرخ لە زاخۆ کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق لە ناوەند و باشوورەوە ڕوویان لێ دەکرد، بۆردوومان کرا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی 23 کەسی دیکە کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.

ڕاشیگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم تاوانە قێزەوەنە دەکەین کە خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج، داواش لە حکوومەتی تورکیا دەکەین واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، ئافرەت و منداڵ و چۆڵکردنی گوندەکانیان بهێنێت بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە.

ڤیان دەخیل ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی عێراق کەمتەرخە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و سەروەری خاکەکەی کە ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونییەتی بەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە، وەکو ڕێککەوتنی شنگال و دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە کە لەلایەن زۆر وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە تیرۆریست هەژمار کراون.

فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەنراوەکە داواکاری ئاراستەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، پێویستە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ئەم تاوانانە بگرنە ئەستۆ و حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنن کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەروەری وڵات و مسۆگەرکردنی سەلامەتی خاکی عێراق لەبەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی کە لەهەر لایەنێکەوە بێت.

جێی باسە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردوومانی گوندی پەرخ لە ناحییەی دەرکاری سەر بە زاخۆ کرا، لە ئەنجامدا 9 کەس گیانی لەدەست دا و 23 کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێو قوربانییەکان منداڵیشی تێدایە و سەرجەم قوربانییەکانیش گەشتیاری عەرەب بوونە