توركیا بە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، ئەو قەیرانەش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، هاتنی پەتای کۆرۆنا و هەروەها شەڕی ئۆکراینا و رووسیا. ئەو قەیرانە بە جۆرێك سەختە، هاووڵاتیانی توركیا، تێرکردنی سکیان لێ بووەتە خۆشگوزەرانی.
حكوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، توانی پەتای کۆرۆنا ئیدارە بدات، بەڵام لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵاتدا سەر نەكەوت، ئەوەتا هاووڵاتیان هەموو كار و كاسابەتیان وەستاوە و حكوومەتیش نەیتوانیوە بەهیچ جۆرێك قەرەبوویان بكاتەوە.
لە توركیا ژیان وەستا، هەموو سێكتەرەكان راوەستان، چونكە پەتایەكە بەجۆرێك بڵاو ببووەوە دەیانویست كۆنترۆڵی بكەن و مردن كەم بكەنەوە، بەڵام نەیانتوانی خۆراك بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، بۆیە هاووڵاتی هاواری لێ هەستابوو و داوای دەكرد رێگەیان بدەن كار بكەن، مردنیان لەو بێپارەیی و برسیبوونە زۆر پێ باشتر بوو.
بەهۆی ئەوەی هەموو چالاكییەكی هونەری وەستا، بۆیە زیاتر لە 30 هونەرمەند كۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا، چونكە هیچ داهاتێكیان نەما و هەموو یانە شەوانەكان بە هۆی پەتای کۆرۆنا داخرا، ئەمەش وای كرد دووچاری نەخۆشی دەروونی ببنەوە و كۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنن.
ئەگەر بەراوردی هەرێمی كوردستان بە توركیا بكەین، لە سەروبەندی کۆرۆنادا، هاووڵاتیانی هەرێم سكیان برسی نەبوو، راستە ژیان وەستا، بەڵام خۆراك بۆ هەموو ئەو ماڵانە دابین كرا كە هەژارن و ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.
كابینەكەی مەسروور بارزانی، بە جۆرێك ئیدارەی دۆخەكەی كرد، بە هاووڵاتیانیان گوت ئێوە لە ماڵەوە بن و خۆتان بپارێزن، ئێمەش خۆراكتان بۆ دابین دەكەین و لەرێگەی پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆوە، توانییان ئیدارەیەكی باشی دۆخەكە بكەن و خەڵك لە برسان هاواری لێ هەڵنەستێت و هیچ كەسێكیش بەهۆی نەبوونییەوە خۆی نەكوشت.
لە توركیا هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە 75%، بەڵام دەزگا نافەرمییەكانی دەوڵەت باس لەوە دەكەن، هەڵاوسانی ئابووری تا 124% رۆیشتووە، ئەمەش وەكوو كارەسات لێكدەدرێتەوە، چونكە ژیانی هاووڵاتی دەخاتە كولەمەرگی.
قەیرانی ئابووری توركیا لە بری ئەوەی كەم بێتەوە، بەرەو خراپتر رۆیشت، تا بەرپابوونی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، كە كاریگەرییە ئابوورییەكەی لەسەر زۆربەی وڵاتانی دونیا دەركەوتووە.
هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان، لە خۆشگەوزەرانییەكدا نین كە هاوتای هاووڵاتی دوبەی و قەتەر و ژاپۆن بێت، كەموكوڕی هەیە و تەنانەت سەرۆكی حكوومەتیش دانی پێدا ناوە، بەڵام بەبەراورد بە ناوچەكە و دەورووبەر، هاووڵاتی هەرێم زۆر زۆر لە پێشترن و بەراورد ناكرێن بە توركیا و ئێران و سووریا و زۆری تریش.
دوای جەنگی ئۆکراین و رووسیا، نرخی گەنم لە دونیادا فڕی، توركیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە زۆر پشتی بە گەنمی ئۆکراین بەستبوو، بۆیە كاتێك جەنگەكە بەرپا بوو، نرخی خۆراك بە جۆرێك گران بوو، هاووڵاتی هاواری گەیشتە هەموو میدیاكانی جیهان.
ئەگەر بتەوێت بچیتە بۆدرووم لە توركیا، لەوێ سێ كەبابی ئەدەنا بخۆی، كە زۆر بەناوبانگە، نرخەكەی 350 لیرەی توركییە، بە پارەی خۆمان دەكاتە 30 هەزار دینار.
نرخی یەك سەموون لە توركیا بووەتە پێنج لیرەی توركی، شیر و پەنیر و ماست و فستق و زۆری تریش، 100% زیاد بووە. ئەمە جگە لەوەی بۆ بەشێكی زۆری خانەوادەكانی توركیا، كڕینی یەك كیلۆ گۆشت بووەتە مێژوو، چونكە یەك كیلۆ 150 لیرەی تێپەڕاندووە، كە ئەو پارەیە بۆ ئەوان زۆر زۆرە و ناچارن بە چارەگ گۆشت بكڕن.
كرێی ئاو، كارەبا و گازی سروشتی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە، ئەگەر تەنیا نموونەی گازی سروشتی وەربگرین، لە ماوەی یەك ساڵدا 400% زیاد بووە، ئەمەش وا دەكات زستانی ئەمساڵ ماڵی نیوەی توركیا بە ساردی بمێنێتەوە و نەتوانن خۆیان گەرم بكەنەوە.
ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین، كێ خۆشگوزەرانترە، هاووڵاتییەك لە هەرێمی كوردستاندا بژیێت، یان هاووڵاتییەك لە توركیا؟