حەمەسەعید حەسەن
هەموو ئەو چەپە کوردانەی لە نیشـــتمان، مارکسیســـتی عەیار بیست و چوار بوون، لە مەنفا، لە بواری کوردایەتیدا، لە (دال) جەمال نەبەزیان تێپەڕاند، تەنیا من نەبێت، ئەو ڕێســـایەم ڕەچاو نەکرد و لەبری کوردایەتی، گۆشەی خانەقام ئاوەدان کردەوە. دڵنیام لەشکری گەوجان دەبێژن، خوێندنەوەی سەردەمی کۆمپیوتەری ســـەفەری و پۆستی ئەلکترۆنی، لەسەر بەرماڵ، بە تەسبیح و سیواک مەحاڵە. گەوجییەتی من ئەو سەروەختانە بوو، لەبری ئەوەی لە فیکردا بۆ واقیع بگەڕێم، دەچووم لە واقیعدا بۆ فیکر دەگەڕام.
کە کاروانی پرۆلیتاریام بەجێ هێشت، بەهۆشیارییەوە سەنگەری سۆفییانم هەڵبژارد. من سووک سەرنجی کرێـــکاران نادەم، خۆ خۆیان گێل نین، تا ئەز نوێنەرایەتییان بکەم. مارکســـیزم ئایدۆلۆجیای چینێکە، بەڵام دەقی پیرۆز کە ســـەرچاوەی ڕوونی بیری منە، لەســـەروو چینەکانەوەیە، لە توێشـــووی ڕێبوارانی کوردایەتیشـــدا، شـــتێک نییە ناوی فیکر بێت. من شـــەیدای فیکرێکی ڕۆشـــن بووم کە لە ئاســـمانەوە ســـەرچاوەی گرتووە و تاڤگەیەکە لە زیو، فیکرێک زادەی قوڕی واقیعی ژێر پێ بێت لەکوێ و فیکرێکی
یەزدانی لەکوێ؟
ئەوی کوژراوی دەستی ئەڤین بێ هەمیشە تامەزرۆی دیداری بکوژەکەیەتی.*
هەر بۆیە کە بۆ زێدی شـــیرین گەڕامەوە، لەبەر بینینی ئەوانەی ســـووک تێیان ڕوانیبووم، فریای دیداری کەســـوکار نەکەوتم، ئاخر لەوســـاوە لە هەواری ســـۆفیگەریدا لام داوە، ڕۆژ تا ئێوارە لە کانیاوی ئەڤین دەخۆمـــەوە و هەر تینوومە. چونکە ئایینـــم ئەڤینە، ماڵی دڵم هێندە بەرینە، جێی دوژمنانیشـــی تێدا
دەبێتەوە.
جار جار لەپاڵ مەدحی درۆی زۆردارا چەند گوڵێکیش ئەکرا بە قژی یارا**
ئا لەم ڕوانگەیەوە و لەپێناوی ڕاژەی وێژەی کوردیدا، چەندان ڕۆژ بۆ دیتنی دەسەڵاتدارێک، پشوودرێژانە لە ســـەرەدا دەوەســـتام، کەچی هەندێک نووسەری ئەنتیپاوەر، ئەو هەڵوێســـتەمیان بە دووڕوویی لێک دەدایەوە. ڕاستە دەستی دەسەڵاتداران، بە خوێنی گەورەسۆفییان سوور بووە، وەلێ سۆفیگەرییش ڕوو لە گۆڕانە. من گەرەکمە لەڕێی دۆستایەتیکردنی هەڵبژاردەی خاوەنهێزەوە، زیاتر بژیم، تا زیاتر خزمەتی وشـــەی پاکی کوردی بکەم. حەلاج ئەگەر خۆی بە کوشـــت نەدابا، کەلەپوورێکی دەوڵەمەندتری لەپاش
جێ دەما.
دەشـــێت بە ڕووکەش ناکۆکی لەنێوان گوتار و ڕەوتارمدا بەدی بکرێت، بەڵام گرنگ ناخە، من لە دڵەوە دژی دەسەڵاتم و هەندێک جار بە ناوی نهێنییەوە، وا هەجووی دەسەڵاتدارانم کردووە، شێخ ڕەزا زیندوو با، دەحەپەســـا. من نە دیپلۆماتم، نە شانۆکار، وەلێ لەسایەی بەخشندەییی خواوە، دەتوانم خۆم وەک
دۆست، پیشانی دوژمن بدەم.
بەندە بێ خەوش نابێت، تەنکەقینێکم لەو کەســـانەیە، ئەســـتێرەی بەخت و ناوبانگیان گەشە و ناوبەناو لەڕێی زمانلێدانەوە، وەک دووپشک پێوەیان دەدەم. گرێی دالیشم هەیە، زۆرن ئەوانەی وەک من، ناویان بـــە دال کۆتایـــی دێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە، دال لەپێش ناوەکەتەوە بێت. چڵکی ئەو قینە، بە شـــەرابی
ئەڤینی خوایی پاکژ دەکەمەوە کە سەرومڕ دەینۆشم، مانگی دالیش سەرەتاتکێم لەتەکدا دەکات.
(*) جەمیل بوسەینە