لە دوای کشانەوەی پێشمەرگەوە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆشایی ئەمنی هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرچەندە ژمارەی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا لەچاو چارەگی یەکەم کەمی کردووە، بەڵام هێشتا عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی داعش تێیدا چالاکە و مەترسییە لەسەرسەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

دامەزراوەی ئاشتی، پەرەپێدان و مافی مرۆڤی میسری ئاشکرای کرد لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵی زاینیدا، عێراق لەپاڵ هەر یەک لە وڵاتانی سووریا و سۆماڵی بە زیانبارترین وڵاتی دەستی تیرۆر هەژمار کراون.
رێکخراوەکە نێوە نێوە لەسەر دواین دۆخی تیرۆریزم لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە و باسی لەوە کردووە گرووپە تیرۆریستییەکان لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تا ٣٠ حوزەیران ١٢٣ هێرشی تیرۆریستییان كردووە، هێرشەکانیش لەچاو سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینی کەمیان کردووە. لە راپۆرتی پێشوودا ژمارەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە ٢٠٩ حاڵەت بوون.
لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوو ژمارەی هێرشە تیرۆریستییەکان بەردەوام لە زیادبووندا بووە و بۆ یەکەم جارە لە سێ مانگی رابردوود رووی لە داكشان کردووە و ئەمەش بە جۆرێک پاشەکشە و لاوازبوونی هێزە تیرۆریستییەکان هەژمار دەکرێت.
بە پێی راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لە ئاکامی هێرشە تیرۆریستییەکان ٤٦٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٣٢٦ کەسی تریش بریندار بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە جیا نەکراوەتەوە لە قوربانییان چەند کەسیان سڤیلن و چەندی تریان سەربازین و بە گشتی ئاماژەی بە بە ژمارەکە کردووە و نووسیویەتی لە نێویاندا ژن و منداڵیش دەبینرێت.
هەروەها باس لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی یەکەم کراوە و روون کراوەتەوە لە سۆماڵی بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژادن و لە یەمەنیش بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەست و پاشان رێوشوێنەکانی هەندێک وڵاتی عەرەبی لە دژی تیرۆریزم، کاریگەرییەکان ئەرێنی بوون.
لە دەرەنجامی راپۆرتەکە دەرکەوتووە هێشتا تیرۆر گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و لە کۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کراون، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیاریەتیی ٣٧ هێرشی بەئەستۆ گرتووە و ئەمەش ٣٠%ی کۆی هێرشە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە پێک دەهێنێت. هەندێک لق و پۆپی ئەو رێکخراوە تیرۆرسیتییە بەرپرس بوون لە هێرشەکان بەڵام داعش بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی بەئەستۆ نەگرتوون.
عێراق و سووریا لەگەڵ سۆماڵی لەو وڵاتانەن کە لە ناوچەکە زۆرترین هێرشی تیرۆرسیتییان تێدا دەكرێت و هێشتا گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان چالاکن. لە عێراق چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان زیاتر لەو ناوچانە بووە کە بە ناوچەی جێناکۆک هەژمار کراون.
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە لەم سنوورانە کشاوەتەوە و سوپای عێراقیش نەیتوانیوە بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە بەڵکوو شوێنەکە بە هەندێک میلیشیای حەشد پڕ کراوەتەوە، ئەوانیش نەک توانای ئەوەیان نییە ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکەن بگرە خۆشیان بەشێکن لە نائارامی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.
حکوومەتی عێراق بە هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوی رێککەوتنێکی سەربازی و بە چادێریی هاوپەیمانان لەسەر ئەوە رێک کەوتوون لیوای هاوبەش دابمەزرێنن و بەیەکەوە ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزن و ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش لە دژی تیرۆریستەکان جێبەجێ بکەن، لەم رووەوە هەندێک هەنگاو نراوە بەڵام هێشتا هەنگاوەکان بەرچاو نین و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لە دروستکردنی ئەو لیوایانە پەلە بکرێت.
یەکێک لەو لیوایانەی کە تەنانەت سەرجەم کاروبارەکانی تەواو بووە لیوای ٢٠ ە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان باس لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عیراق دەڵێت کارەکانی ئەم لیوایە تەواو بووە؛ تەنیا دابینکردنی بودجەیان ماوە، ئەویش لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عیراق باسی لەوەش کردووە، هەماهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق زۆر باش بوون و بڕیارە چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی تیرۆریستان بەڕێوە بچن.

ھەواڵی زیاتر