شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کرد بۆ تاوتوێکردنی بودجە و نەوت و مووچە، لە کۆبوونەوەکەدا، بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پرسی خەرجییە سیادی و حاکمەکان لە یاسای بودجەدا کرا
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، شانبەشانی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کرد کە لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە چوو، بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوە چوو، تاوتوێی یاسای بودجەی گشتیی دەوڵەت کرا. لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە وەزیرانی نەوت و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادە بوون.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی میوانداریکردنی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی پەرلەمان، تەواوکردنی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکان بووە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، هاوکات پرسی خەرجییە سیادی و حاکمەکان لە یاسای بودجەدا کرا.

