حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لادانی گومرگی لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییەکان تاوەکو ٣٠ـی ئەیلوولی ئەمساڵ درێژکردەوە.
بەپێی بڕیاری ژمار ١٥٩ـی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ماوەی کارکردن بە سەرجەم بڕگەکانی بڕیاری ژمارە ١٤٠ـی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاوەکو ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ درێژ کردەوە تاوەکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکییەکان و گرانبوونیان لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت.
لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، تیمەکانی چاودێری بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی بازاڕ و رێگرتن لە خراپ سوودوەرگرتن لەو ئاسانکارییانە و بەرگرتن لە بەرزکردنەوەی نرخەکان و رەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ لێپرسینەوە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
بەپێی بڕیاری ژمارە ١٤٠ـی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گومرگ لەسەر هەریەک لە ئارد، برنج، زەیتی گولەبەرۆژە، زەیتی گەنمەشامی، رۆنی رووەکی بەستوو، رۆنی ئاژەڵی بەستوو، چای رەش، شەکر، پاقلەمەنی وشک وەک (نیسک، نۆک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش) و شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە هەڵدەگیرێت، هەروەها وەرگرتنی باج لە بازرگانانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکان دوادەخرێت.