پزیشکانی ئوردن، متمانە دەبەخشته ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییەکان

ئەنجومەنی پزیشكانی ئوردن دوای هەڵسەنگاندن بۆ سەنتەرەکانی ڕاهێنان و فێرکاریی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، متمانە (Accreditation) دەبەخشێتە ئەنجومەنی کوردستانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ شاندێکی ئەنجومەنی پزیشكانی ئوردن، کە لە نێو ئەنجومەنەکانی پزیشکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین ئەزموونیان هەیە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان کرد و لە ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنیان بۆ سەنتەرەکانی ڕاهێنان و فێرکاری ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کرد؛ دوای گەڕانەوەیان متمانەیان (Accreditation) بەخشیە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، قۆناغ بە قۆناغیش هەنگاو دەنێن بۆ متمانەی تەواو بە پرۆگرامە جیاجیاکانی ئەنجومەنەکە.
د. ئاریان شێخ خاڵس سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان رایگەیاند: لە دوای زنجیرەیەک سەردانیکردن وکۆششی بەردەوامی شاندی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دواجار لە میانی سەردانێکمان بۆ وڵاتی ئوردن لە ڕێکەوتی (5/7/2022)دا، ئەنجومەنی پزیشکیی ئوردن متمانەی نێودەوڵەتیی بەخشییە ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و دواتریش پرۆگرام و سەنتەرەکانی فێرکاری سەر بەو دامەزراوەیە لە هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و یەکێکە لە کارە گرنگەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر